بەلەمێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت و لانیکەم 40 کۆچبەر بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی شوباتی 2023، میدیای فەرمیی ئیتاڵیا رایگەیاند کە بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی سای کرۆتۆنی باشووری وڵاتەکە ژێرئاو کەوتووە.
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم تەرمی 28 کەسیان دۆزیوەتەوە و 40 کەسی دیکەش رزگارکراون. وەکو میدیای ئیتاڵیا باسی دەکات، ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ بێسەروشوێنبووان بەردەوامە.
هاوکات، میدیای وڵاتەکە باس لەوەش دەکات کە یەكێک لە قوربانیان، منداڵێکی تەمەن "تەنیا چەند مانگێکە".
بەرپرسانی ئیتاڵیا هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "بەلەمەکە زۆر سەرنشینی هەڵگرتووە و بەهۆی شەپۆڵە دژوارەکانەوە بووەتە دوو پارچەوە".
ئەم "تراژیدیایە" لەکاتێکدایە کە حکومەتە راستڕەوەکەی ئیتاڵیا تادێت رێکارەکان لەسەر کۆچبەران تووندتر دەکات.
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکی پارتی برایانی ئیتاڵیا لە مانگی تشرینی یەکەمی پاردا هەڵبژاردنی بردەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە. یەکێک لە بانگەشەکانی کەمپینەکەی راگرتنی کۆچی نایاسایی کۆچبەران بوو.
یاسا نوێیەکانی ئیتاڵیا کەشتیی هاوکاریی کۆچبەران ناچار دەکەن لە یەک کاتدا، تەنیا یەک هەوڵی رزگارکردنی کۆچبەران بدەن. ئەوەش لەلایەن رەخنەگرانی حکومەتە راستڕەوەکەی ئیتاڵیاوە وەکو هۆکارێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لێکدەدرێتەوە.
وەڵام بدەوه