پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە، هۆشداری دەداتە وڵاتان لە زۆربوونی بڵاوبوونەوەی گازی میتان و ڕای دەگەیەنێت، لە ماوەی دوو ساڵدا هەزار و 200 هۆشدارییان بە حكوومەتی ئەو وڵاتانە داوە كە نەوت و غاز بەرهەم دەهێنن.
ئەمڕۆ هەینی، 15ی تشرینی دووەم، ئینجەر ئەندرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە، لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا لە شاری باكوی پایتەختی ئازەربایجان ڕای گەیاند، وێڕای هۆشداریی بەردەواممان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، كەچی تەنیا بە ڕێژەی 1% ڕێوشوێنی پێویست بۆ دزەكردنی ئەو گازە گیراوەتە بەر و هیچ حكوومەتێك ئامادە نییە لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی گازی میتان بكۆڵێتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، بەداخەوە هەڵسوكەوتی حكوومەتەكان لە بەرانبەر ئەم مەترسییە گەورەیە، جێی نائومێدییەكی زۆرە.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە دەڵێت، زۆر جار ڕێگەگرتن لە دزەكردنی گازی میتان لە پاڵاوگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، تەنیا چاكسازییەكی كەمی پێویستە و بە توندكردنەوەی چەند بوڕغییەك كێشەكە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەوان زۆر كەمتەرخەمن، ئەمەش وا دەكات خنكان و پاڵەپەستۆی گەرما زیاد بكات و زەوی ساڵ بە ساڵ زیاتر نزیك دەبێتەوە لە هەسارەیەك كە بە كەڵكی ژیان نەمێنێت.
گازی میتان، دووەم هۆكاری گەرمبوونی كەشوهەوای جیهانە پاش دوان ئۆكسیدی كاربۆن، بەڵام لە ڕووی كاریگەرییەوە، هەشت جار كاریگەرییەكەی بەهێزترە.


وەڵام بدەوه