KurdistanPress...

CLOSE

ئەمریکا پەیوەندی بە مەسرور بارزانییەوە کرد

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوت، بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە: "پێویستە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."

جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی وزە رۆژی دووشەممە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو کە بەم زووانە بڵاودەکرێتەوە، راگەیاند، ''بەیانیی رۆژی هەینی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەبوو.''

پایت ئاماژەی بەوەشدا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوتووە، زۆر سوپاسگوزاربووە بە میواندۆستییە گەرمەکەی هەولێر و سەرسامبووە بەوەی کە لە هەرێمی کوردستان لە رووی وەبەرهێنانی وزە دەکرێت. 

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی وزە، هەولێر بە ویلایەتی ئۆکڵاهۆما دەچوونێت و دەڵێت: ''کە لە هەولێر بوومە گوتم، هەولێر وەک ئۆکڵاهۆمایەکی بچووکە و ئەمەش ڤیژنی ئێمەیە."

ئۆکڵاهۆما، ویلایەتێکی ئەمریکایە و بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت و گازی سروشتییە لە ئەمریکا. 

سەبارەت بە پرسی نەوتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، ''ئەمریکا سەبارەت بەم پرسە روون بووە، بڕوایان بەوەیە، بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا [هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان] پێویستە دەستپێبکاتەوە.''

جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی وزە لە باسی چەندین پرسی دیکەی کرد کە پەیوەندیدارن بە نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی سەربەخۆیی وزەی عێراق و دوورکەوتنە لە ئێران، پرسی لێخۆشبوونەکانی ئەمریکا بۆ عێراق تاوەکو گاز لە ئێران بکڕێت.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، شاندێکی وەزارەتی نەوەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و بەبەشداریی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هیوستنیان کرد، لە یەکەمین رۆژی کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی وزە کۆبوونەوە.

دواتریش شاندەکەی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی و رۆژئاوایی کۆبوونەوە تاوەکو هانیان بدەن بچن لە عێراق وەبەرهێنان لە کەرتی گاز و نەوت بکەن.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه