تانكەكانی ئەڵمانیا، لە کاتی هێرشەكانی ئۆكراینا بۆ سەر پارێزگای کورسکی لە ڕووسیا دەرکەوتن. ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانییش ستاییشی ئەو هەنگاوەی کردووە، ئەوەش رووسیای نیگەران كردووە و مێدڤێدێڤ بەڵێنی داوە تانکی ڕووسی بنێرێت بۆ بەرلین.
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، لە بەیاننامەیەکدا، بەڵێن دەدات تانکەکانی ڕووسیا بگەیەنێتە گۆڕەپانی کۆماری لەبەردەم بینای ڕایشتاگ لە بەرلین، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ دەرکەوتنی تانكەكانی ئەڵمانی لەنێو یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا، لە هێرشیان بۆ سەر پارێزگای کورسکی لە ڕووسیا.
هاوكات، مێدڤێدێڤ وەڵامی بابەتێکی ڕۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی دایەوە، کە تیایدا باسی گەڕانەوەی تانکەکانی ئەڵمانیا دوای 80 ساڵ بۆ خاکی ڕووسیا دەكات.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، لە ماڵپەڕی (X) تویتەری پێشوودا دەڵێت: ”لە بەرامبەردا هەموو هەوڵێک دەدەین، بۆ ئەوەی تانکە مۆدێرنەکانی ڕووسیا بگەیەنینە گۆڕەپانی کۆماری (بەردەم بینای ڕایشتاگ لە بەرلین).“
لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا لە زاری بەرپرسانەوە ڕایانگەیاندووە، ئەمڕۆ شەممە 10 ئابی 2024، ڕووسیا ڕێوشوێنی ئەمنی لە سێ ناوچەی سنووری لەگەڵ ئۆكراینا گرتووەتە بەر. جگە لەوەش، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان تانكێکی ئۆکراینی ماکس پرۆی لە ناوچەی سنووری پارێزگای کورسک تێکشکاندووە.
لە 22ی حوزەیرانی 1941، هێزەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا، دەستیان بە دەستێوەردان لە خاکی سۆڤیەتی پێشوودا کرد، ئەڵمانیا بەو هەنگاوە کۆتایی بەو پەیمانە هێنا كە لە ماوەی مانگی ئابی 1939 لەگەڵ لایەنی سۆڤیەت واژۆی کردبوو.
لە مانگەکانی یەکەمی شەڕی بەرەی ڕۆژهەڵاتدا، هێزەکانی ئەڵمانیا پێشکەوتنی خێرایان بەدەست هێنا و لەو ماوەیەدا، دوای دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی زۆر لە خاکی سۆڤیەت، توانییان لە مۆسکۆ نزیک ببنەوە.
لە قۆناغی دواتردا، سوپای سووری سۆڤیەت سەرکەوتوو بوو لە وەستاندنی پێشڕەوییەكانی ئەڵمانیا بەرەو مۆسکۆ، پێش ئەوەی دەست بکات بە دژە هێرش بۆ وەرگرتنەوەی خاکەکەی و گەیشتن بە بەرلینیش.
وەڵام بدەوه