بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بە میدیاکانی راگەیاند: "لەم هەفتەیەدا 16 تا 24 فڕۆکەی شەبەح بە ئاسمانی ناوچەکانی ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەکەینەوە."
ئەم لێدوان و هەواڵ و جموجۆڵە سەربازییانە، دوای خەستبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و فواد شوکر، پەرەیان سەندووە
چاودێران وای دەبینن کە ئیتر لێرە بەدوا ئاسمانی وڵاتانی عێراق، سووریا، ئیسرائیل و لوبنان زیاتر کۆنترۆڵ دەکرێن بۆ زیاتر بەرگریکردن لە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
ئەمە لە كاتێكدایە، شەوی رابردوو لە ئەنجامی ئەو هێرشەی کە لەنێو خاکی عێراقەوە بە مووشەکی کاتیۆشا کرایە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکی عەین ئەسەد لە نزیک ئەنبار، پێنج سەربازی ئەمریکی بریندار بوون و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، یەکێک لە سەربازەکان برینی زۆر سەختە.
دوای ئەو هێرشە، جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، رایگەیاند، کە لەو کاتەی کە خۆیان دەیخوازن و بەو شێوازەی کە خۆیان بە باشی دەزانن، وەڵامی توند و جەرگبڕی ئەو هێرشانە دەدەنەوە کە کرانە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
جۆ بایدن هەروەها گوتی: "ئەم هێرشەش درێژەی ئەو هێرشانەیە کە کلکەکانی ئێران دژی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا ئەنجامی دەدەن."
وەڵام بدەوه