ئەمڕۆ یەكشەممە یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رای گەیاند لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی رووسیاوە، مەترسیی دەخاتە سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رای گەیاندبوو كە ئەگەر ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوا هانی رووسیا دەدات بۆ هێرشكردنە سەر ئەو وڵاتانەی ناتۆ كە پابەندبوونی داراییان بە ئەندامییەتی ناتۆوە جێبەجێ ناكەن، ئەمینداری گشتیی ناتۆ هۆشداری دا لە دروستبوونی مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ.
ستۆڵتنبێرگ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە كە هەر پێشنیازێك ببێتە هۆی ڕێگری لە وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ بۆ بەرگریكردن لە یەكتری، دەبێتە هۆی مەترسیی بۆ سەر تەواوی ئەندامانی هاوپەیمانییەكە، بە ئەمریكاشەوە، گیانی سەربازانی ئەمریكا و ئەورووپاش دەخاتە مەترسییەوە.
جێی باسە ئەگەری زۆرە دۆناڵد ترەمپ ببێتە بەربژێری كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی ئەمریكا و دواتریش لە هەڵبژاردنەكەدا سەركەوتن بەدەست بێنێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە دوێنێ شەممە ترەمپ گوتبووی ئەگەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بكەونە جەنگەوە، ئەوا ئەمریكا بەرگرییان لێ ناكات، بەتایبەتیی لەوانەی بودجەیەكی شایان تەرخان ناكەن بۆ كەرتی بەرگری، بە پێچەوانەوە هانی رووسیاش دەدات هێرشیان بكاتە سەر.
وەڵام بدەوه