Kurdistan Press - ھۆشدارییەک لە پووتینەوە بۆ ئەمریکا ھۆشدارییەک لە پووتینەوە بۆ ئەمریکا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ھۆشدارییەک لە پووتینەوە بۆ ئەمریکا

ھۆشدارییەک لە پووتینەوە بۆ ئەمریکا. جەنگی خراب بەڕێوەیە.

دوو رۆژ دوای ئەوەی تەکەر کارڵسن، رۆژنامەڤانی ئەمریکی هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆشکی کرێملن تۆمار کرد، دواجار بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 9ـی شوبات چاوپێکەوتنە مشتومڕهێنەکەی بڵاوکردەوە. هەڤپەیڤینەکە لەم کاتەدا دوو رەهەندی گرنگی لەخۆ گرتبوو؛ یەکێکیان ئەوە بوو کە سەرۆکی رووسیا بۆ یەکەم جارە لەدوای هەڵگیرساندنی جەنگی ئۆکراینا چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیای رۆژئاوادا بکات، دووەمیش ئەوەیە کە جەنگەکە لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە و هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتایی هێنانی بەدیناکرێت. ئەوە وێڕای ئەوەی کە میدیای رۆژئاوا باس لەوە دەکات، گرنگیی سێیەمیشی بۆ خودی پووتین خۆی هەیە، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە نزیکە و پووتین دەیەوێت رەوایەتیی بە جەنگی سەر ئۆکراینا بدات. 

لە دەستپێکی هەڤپەیڤینەکەدا، رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە پرسیارێکی سادە لە پووتین دەکات و دەڵێت، "بۆچی هێرشتان کردە سەر ئۆکراینا؟" بەڵام پووتین داوا دەکات، پێش وەڵامدانەوەی "لە 30 چرکەدا" باسی مێژوو و هۆکاری ناکۆنییەکان لەگەڵ ئۆکراینا بکات. ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئەوەبوو کە پووتین بەبێ وەستان، بەبێ ئەوەی کاخەزێکی لەبەردەست بێت، بۆ ماوەی نزیکەی 30 خولەک نەک 30 چرکە قسەی لەبارەی مێژووی رووسیا و یەکێتیی سۆڤیەت کرد تاوەکو گەیاندییەوە ئەمڕۆ. 

گرنگترین ئەو تەوەرانەی هەڤپەیڤینەکەیان داگیرکرد، بریتیبوون لە: فراوانبوونی ناتۆ، جەنگی ئۆکراینا و دەرهاوێشتەکانی لەسەر ئابووریی جیهان و ئایندەی ململانێکان لەو ناوچەیەدا. 

رووسیا دەتوانێت ببێتە ئەندامی ناتۆ؟

ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤیچ پووتین، تەمەن 71 ساڵ، لەماوەی ژیانی سیاسییدا دوو جار سەرۆکایەتیی رووسیای کردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی 2000 تاوەکو 2008 و دووەم جاریش لە ساڵی 2012 تاوەکو ئێستا؛ لە ساڵی 1999 بۆ 2000 و لە ساڵی 2008 بۆ 2012ش سەرۆکوەزیران بووە. 

لە حوزەیرانی ساڵی 2000 بیڵ کلینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کۆبووەوە. 

پووتین لە هەڤپەیڤینەکەیدا دەڵێت، ئەو کاتەی بیڵ کلینتۆن سەردانی مۆسکۆی کرد، "پێمگوت رووسیا دەتوانێت ببێتە ئەندامی ناتۆ؟ دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ تیمەکەی کرد، گوتی، نەخێر ئەمە ناکرێت".

بەڵام پووتین ئاماژەی بە پێشڤەچوونەکانی رووسیا کرد کە لەدوای ئەوکاتەوە بەدیهاتوون و گوتی: "ئێستا لە پەرەپێدانی سیستمی مووشەکی دەنگبڕ لەپێش ئەمریکا و هەموو وڵاتێکەوەین و هەموو رۆژێک بەرەو پێشتر دەچین، ئێمە وامان نەدەویست بەڵام ناچارکراین." 

هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی - ناتۆ لە ساڵی 1949 لەلایەن ئەمریکا، کەنەدا و ژمارەیەک وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا دامەزرا کە مەبەست لێی دروستکردنی بەرگرییەکی بەکۆمەڵ بوو لە دژی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات. 

پووتین: گەلی رووسیا یەکدەگرێتەوە

ڤلادیمیر پووتین دەڵێت، لەدوای ئەوەی رێککەوتنی مینسکیان لە ساڵی 2014 لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای و ئۆکراینا کرد بۆ جێهێشتنی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، "بەڵێنمان پێدرابوو کە سنووری ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات درێژنابێتەوە، بەڵام پێچەوانەکەیان کرد و پێنج جار درێژکرایەوە." 

پووتین لەبارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر ئۆکراینا دەڵێت، سەرکردایەتیی ئێستای ئۆکراینا رەتی کردەوە پەیماننامەی مینسکی 2014 جێبەجێ بکات کە یەکێک لە 13 خاڵی رێککەوتنەکە، ئەوەبوو کە دەبوو هەموو هێزە بیانییەکان لە ئۆکراینا وەدەرنرێن. 

رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە کوژراون.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیا، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون. 

سەرۆکی رووسیا لەو بارەیەوە گوتی، "ئەوە ئێمە نەبووین لە ساڵی 2022 شەڕمان دەستپێکرد، بەڵکو ئۆکراینا ئەم شەڕەی لە ساڵی 2014 دەستپێکرد و ئێمە هەوڵی راوەستاندنی دەدەین. ئەوەی ئێمە دەیکەین هەوڵدانە بۆ وەستاندنی جەنگەکە."  مەبەستی پووتین خۆپێشاندانی سەرتاسەریی ئۆکراینا بوو لە ساڵی 2014 کە بووە هۆی لادانی ڤیکتۆر کۆناشینکۆڤی سەرۆکی ئەوکاتی ئۆکراینا و هاوپەیمانی پووتین. 

پووتین پێیوایە رووسیا و ئۆکراینا گەلێکی ئاوێتەی یەکدین و کولتوور و ئایین و دابوبنەریتی یەکگرتوویان هەیە؛ لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەیدا، جەختی لە یەک شت کردەوە: "گەلی رووسیا یەکدەگرێتەوە، یەکگرتوویی هێشتا ماوە. کەس ناتوانێت رۆحی [رووسەکان و ئۆکراینییەکان] لەیەکدی جیابکاتەوە." 

هۆشدارییەک بۆ ئەمریکا؛ "جەنگێکی خراپی جیهانی" 

پووتین ئاماژە بەوە دەکات، رووسیا هێشتا ئامانجەکانی لە ئۆکراینا بەدەستنەهێناون، چونکە دەڵێت، "یەکێک لە ئامانجەکانمان قەدەخەکردنی نازیی نوێیە.

هاوکات، سەرۆکی رووسیا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر ئەمریکا پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکراینا رابگرێت، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا شەڕ دەوەستێت

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه