ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەمریکا، سەرکۆنەی ئێران کرد، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بە 'هاوبەشێکی نزیک" ناوبرد و لەبارەی هێرشەکانی ئێرانیش بۆسەر هەولێر دەڵێت: بێ دوودڵی سەرکۆنەی دەکەین.
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای
هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر رایگەیاند، دۆخی عێراق و ناوچەکە هەستیار و گرژە و دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر، راگەیاند ئێران خوێندنەوەی هەڵەی بۆ بارودۆخەکە کردووە و بەو کارانەی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
گوتەبێژەکەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، لە هەر کردەوەیەک دووربکەونەوە گرژی زیاد بکات" و دەشڵێت، دژی هەر هێرشێکن سەروەریی دەوڵەتێک پێشێل بکات و دەبێت وڵاتان رێز لە سەروەریی یەکدی بگرن.
دووجاریک سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و پێیوایە هیچ رێگەیەک نییە بۆ سەلماندنی پڕوپاگەندەکانی ئێران.
هاوکات مۆنیکا گرایلی، گوتەبێژی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی هەولێر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، زیادبوونی گرژی خزمەتی هیچ لایەنێک ناکات.
رۆژی سێشەممە 17-01-2024 نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا بە تووندی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر چەند شوێنێکی هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق سەرکۆنە کرد.
یونامی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو، دەبێت ئەو هێرشانە بوەستێن کە سەروەریی عێراق و سەلامەتیی خاکەکەی پێشێل دەکەن، جا لە هەرلایەکەوە بێت. دەبێت کێشە ئەمنییەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن نەوەک هێرش.
وەڵام بدەوه