ساڵی ڕابردوو زۆرترین ڕێژەی منداڵ لە وڵاتی سوید بێلانە بوون لەچاو 15 ساڵی پێشوودا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی باوانیان نەیانتوانیوە كرێی خانووەكانیان بدەن و لەلایەن كۆمپانیاكانی خانووبەرەوە لە ماڵەكانیان وەدەر نراون.
ئێزگەی سوید بڵاوی كردەوە كە بەهۆی تەنگژەی ئابوورییەوە، لە ماوەی 11 مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا، 610 منداڵ لە سوید بێلانە بوون.
بەپێی هەواڵەكە، لە مانگی كانوونی دووەمی 2023وە تاكو مانگی تشرینی دووەمی 2023، خێزانی 610 منداڵ لە ماڵەكانیان دەركراون، چونكە كرێی خانووەكانیان نەداوە یان دوایانخستووە، بەهۆی نەبوونی پارە و كێشەی داراییەوە.
ئێزگەی سوید بە پشت بەستن بە ئامارەکانی فەرمانگەی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان لە سوید (Kronofogden)، ئەم ڕێژەیەی بە زیادبوونێكی گەورە هەژمار كردووە لە چاو ساڵانی پێشوودا و ئاماژەی بەوە داوە كە لەوەتەی تەنگژەی ئابووریی ساڵی 2008ەوە، یەكەم جارە ئەو ڕێژە زۆرەی خێزانی سویدی لە ماڵەكانیان بكرێنە دەرەوە بەهۆی نەبوونی پارەی كرێی خانووەوە.
وەڵام بدەوه