ڕاوێژکارێکی ئەمەریکی ناوی چەند کەسایەتییەکی نزیک لە ئێران بڵاودەکاتەوە، پێی وایە دەبێت ئەمەریکا لە هێرشەکانی داهاتوویدا بیانکاتە ئامانج لە عێراق، ئەو سەرکردانەش دیارترین کەسەکانی دەوری هادی عامری سهرۆكی هاوپهیمانیی فهتحن.
میشێڵ پرێگانت ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئەمەریکا و ڕاوێژکاری پەیمانگای سیاسیی ئەمەریکی ''هۆدسۆن'' لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی لە X دەڵێ، هێرشەکەی ئەمڕۆ دەستپێکێکی باش بوو، بەڵام ئامانجی بەهادارتر هەن لە داهاتوودا بپێکرێن.
وێنەی ئەو کەسانەی ڕاوێژکارە ئەمەریکییەکە بڵاوی کردووەتەوە، بریتییە لە هەریەکە لە، ئیسماعیل قائانیی فەرماندی هێزی قودسی ئێران، ئەبو فەدەک سەرۆکی کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، شیبل زەید سەرۆکی کەتائیبی ئیمام عەلی، فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەکرەم کاعبی سەرۆکی بزووتنهوهی نوجهبای حهشدی شهعبی و قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهل حەق.
ڕووی دەمی میشێڵ پرێگانت لە بەغدایە و دەڵێ، عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەمەریکای کرد و هەڕەشە لە هێزی هاوپەیمانان دەکات، لە کاتێکدا هێرشەکەی ئەمەریکا ڕەوایە و لە تۆڵەی ئەو هێرشەنەدا بووە کە لە ماوەی ڕابردوو میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران کردوویانەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناو خاکی عێراق.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕاوێژکارە ئەمەریکییەکە دەڵێ، پێویستە بە زووترین کات ئابڵۆقەی ئابووری بخرێتە سەر عێراق و سزای حکوومەتەکەی سوودانی بدرێت بەهۆی ئەوەی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەجوڵێتەوە، بەمجۆرەش تاران ئازار دەچێژێت.
ئەمڕۆ چواری کانوونی دووەمی 2024 لە ڕێگەی هێرشێکی ئەمەریکاوە لە بەغدا، توانرا فهرماندهیهكی باڵای حهشدی شهعبی به ناوی ''ئهبو تهقوا'' بکوژرێت و کاردانەوەکانی هێرشەکە بەردەوامە، دوا بە دوای ئەم ڕووداوە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرزەنشتی هێزەکانی هاوپەیمانانیان کرد.
وەڵام بدەوه