رووسیا و چین دەستیان کردووە بە هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێی سارد کە تەنها دەوڵەتەکان ناکاتە ئامانج.
بە گوێرەی ماڵپەڕى فۆکس نیوز، جەنگی دووەمی سارد زۆر ترسناکترە لە جەنگی یەکەمی سارد. بەشێوەیەک، بەردەوامبوونى پەلاماردارە سایبەرییە جیهانییەکان لە بەرامبەر تۆڕەکانى کارەبا، دامەزراوەکانى چارەسەرکردنى ئاو، شارەوانییەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان بەڵگەن لەسەر ئەوەى کە شوورای ئاسنین گۆڕدراوە بە شوورای دیجیتاڵی. ئەمەش، دەبێتە مایەى هەڕەشە بۆسەر سەربەخۆیی ئابووری و پێکەوە گرێدانى سیاسیی وڵاتە دیموکراسییەکان.
بە باوەڕی هەندێک لە پسپۆڕەکان، ئێمە لە ئێستادا لە دۆخێکداین کە دەبێت بجووڵێین بە مەبەستی پاراستنی سەربەخۆیی بازرگانى، ئابووری و سەروەریی لە بەرامبەر رووسیا و چین و ئەکتەرە خراپەکانى تر. بەشێوەیەک، جەنگی دووەمی سارد تەنها دەوڵەتە نەتەوەییەکان ناکاتە ئامانج، بەڵکو ئەو دامەزراوانەشی رەخنەیان لە خراپەکارییەکانى چین گرتووە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی مەدەنی. لە ئێستادا ئەو دامەزراوانە کراونەتە ئامانج بۆ تۆڵەسەندنەوە، لە رێگەى رێگریگرتن لێیان لەلایەن حکوومەتى چینییەوە تاوەکو دەستیان نەگات بە 1.4 ملیار بەکاربەر.
تەنانەت، هاووڵاتییانى مەدەنیش بەر ئەم شاڵاوەى ئەم دوو وڵاتە کەوتوون و ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەمەش، بەهۆی ئەوەى رووسیا و چین هەڵدەستن بە قۆستنەوەى ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان لە ئەمریکا لە رێگەى ماڵپەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە. لە بەرامبەریشدا، بە گوتەی هەندێک لە شارەزایان، ئەگەر وڵاتە رۆژئاواییەکان هیچ هەنگاوێک لەم بارەیەوە نەنێن، ئەوا مەترسییەکانى جەنگی دووەمی سارد دەبێتە هۆکارى هەڕەشە لەسەر دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانى وزە، رێگەگرتن لە گەیشتن بە تەکنەلۆجیا هەستیارەکان، ژەهراویکردنى ئەو رێڕەوی زانیارییەى کە پشتی پێدەبەستین بۆ هەموو شتێک.
وەڵام بدەوه