لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، دوودڵ نابن لە دەستوەردانی سەربازی دژی هەر رێکخراو و وڵاتێک کە هەوڵی فراواکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل بدات.
هاوکات پەیامێکیشی ئاڕاستەی ئەو لایەنانە کرد کە بنکەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئامانج دەگرن و ئاماژەی بەوەدا، هەرکەسێک دەیەوێت هێرشبکاتە سەر بنکەکانیان، بەمافی خۆیانی دەزانن بەرگری لە خۆیان بکەن و بەتوندترین شێوە رووبەڕووی ببنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند بنکەیەکی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سووریا لەرێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشکرایە سەریان.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 16 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش برینداربوون.
تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 70%ـی قوربانییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژن و منداڵن.
وەڵام بدەوه