Kurdistan Press - شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل دەگاتە عێراق شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل دەگاتە عێراق | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل دەگاتە عێراق

تۆماس فریدمان، بیرمەند و نووسەر و شرۆڤەکاری بەناوبانگی ئەمەریکی، لەبارەی هێرشەكەی پێرێ بەیانیی چەكدارانی حەماس بۆ سەر چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل و دەستپێكردنەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەو هۆیەوە، رۆژی ٨\١٠\٢٠٢٣ وتارێکی لە ڕۆژنامەی (نیۆرک تایمز) بڵاو کردووەتەوە، تیایدا پێشبینی بۆ رووداوەكانی ئایندەی ئەم شەڕ دەكات و پێیوایە باڵ دەكێشێت بۆ ناچوەكانی دەوروبەر، بەتایبەتی ئێران و سعوودیە و عێراق و سووریا. تۆماس فریدمان نووسیویەتی: ”هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لەو ناکۆکییە باوانە ناچێت، کە لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەیە، مەودای نێوان غەزە و ئیسرائیل تەنیا 37 میلە، بەڵام ئاگرە هێدمبەخشەكەی ئەم جەنگە تەنیا ئیسرائیل و فەلەستینییەکان ناسووتنێت، بەڵکوو زرمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەستێنێت، بەتایبەتیش لە ئێران و سعوودیە. ئاخر لە ئەگەری هەر جەنگێکی درێژخایەنی نێوان ئیسرائیل و حەماس، گرێبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل ئەستەم دەکات.“

جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”ئەگەر دەربکەوێت بۆ ئەو هێرشە ئێران دنەی حەماسی داوە، بە ئامانجی ئەوەی ڕێککەوتنی سعوودیە و ئیسرائیل شکست پێ بهێنێت، ئەوە سەر دەکێشێت بۆ ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی نێوان ئیسرائیل و ئێران و حزبوڵا و حەشدی شەعبی و بریکارەکانی دیکەی لە لوبنان و عێراق و سووریا، هەروەها دەبێتە هۆی گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیەش.“

ئەو نووسەر و شرۆڤەکاری بەناوبانگەی ئەمەریکا هەروەها نووسیویەتی: ”لەو کاتەوەی حەماس دەستی بەسەر غەزەدا گرت، بوو بە نەفرەتێکی کوشندە بۆ گەلی فەلەستین. دەکرا ئەو چەندان ملیار دۆلارەی بەدرێژایی ئەو ساڵانە وەکوو کۆمەک لە قەتەر و ئێرانی وەردەگرت، بیخستایەتە خزمەت بنیاتنانی کەرتی غەزە، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێن، لەگەڵ دروستکردنی قوتابخانە و زانکۆ و ژێرخانێکی ئابووریی شاییستە، کە ببێتە نموونەیەک بۆ دەوڵەتی فەلەستین، بە دانەپاڵی کەرتی خۆرئاوا، بەڵام حەماس زۆرینەی ڕەهای توانا و داهاتەکانی تەرخان کرد بۆ هەڵکەندنی تونێل بە ئاراستەی ئیسرائیل و دروستکردنی مووشەک بۆ لەناوبردنی دوژمنێکی زۆر لە خۆی بەهێزتر، هەموو ئەمانە بوونە هۆی بێبەشکردنی دانیشتووانی غەزە لە هەر دەرفەتێک بۆ پیادەکردنی توانستەکانیان لە ڕێی حکوومەتێکی شایستە و دیموکراتەوە.“لە بەشێکی دیكەی وتارەکەیدا، فریدمان دەپرسێت: ”حەماس بۆچی ئەم جەنگەی بەرپا کرد؟ دەبێ بپرسین، کە ئەگەر ئەوە لەبەر خاتری گەلی فەلەستینیی نییە، ئەی بۆچییە؟ بێ گومان ئەوە لەسەر داواکاریی ئێرانە، ئەو دەوڵەتەی حەماس و گرووپەکانی دیکە پارەدار و چەکدار دەکات، بۆ ئەوەی ببنە ئاستەنگ لەبەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل و نەیارەکانی ئێران.“

تۆماس فریدمان هەروەها نووسیویەتی: ”ڕێکكەوتنی ئیسرائیل و سعوودیە، وەکوو ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، دەکرا سوود بە دەسەڵاتی فەلەستینییش بگەیەنێت، کە میانەڕەوترە و لە کەناری خۆرئاوا دەسەڵاتدارە، ئەویش لە ڕێگەی کۆمەککردنی بە بڕێکی گەورەی دارایی لە پارەکانی سعوودیە، هەروەها دانانی کۆتوبەند لەسەر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونە نوێیەکانی ئیسرائیل لە کەناری خۆرئاوا، لەپاڵ کۆمەڵێک دەستکەوتی دیکە بۆ هێشتنەوەی دەرفەتی دوو دەوڵەت، لە ئەنجامی ئەمەشدا، سەرکردەکانی کەناری خۆرئاوا، چنگیان گیر دەبوو لە جۆرێک لە ڕەوایەتی، کە زۆر پێویستیانە لەبەردەم جەماوەرە فەلەستیینەکەدا، ئەوەش بێ گومان دەبووە هەڕەشەیەک بۆ سەر شەرعییەتی حەماس.“

نووسەرە ئەمەریکییە پێی وایە، ئەو ڕێکكەوتنەی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل دەبووە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیی بوومەلەرزەیی، کە ناتەنیاهۆی ناچار دەکرد واز لە توندڕەوترین ئەندامانی حکوومەتەکەی بهێنێت، لە بەرامبەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەنێوان دەوڵەتە یەهوودییەکە و دەوڵەتانی کەنداودا، بە سەرکردایەتییەکی سوننییانە لە دژی ئێران. بەگشتییش، ڕێککەوتنەکە دەبووە یەکێک لە وەرچەرخانە هەرە گەورەکانی 75 ساڵی ڕابردوو، بەڵام دوای ئەو هێرشەی حەماس ئەو ڕێککەوتنە شکستی پێ هێنرا. 

تۆماس فریدمان، بیرمەند و نووسەر و شرۆڤەکاری بەناوبانگی ئەمەریکی، نووسیویشیەتی: ”رێكخراوی حەماس بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر چانسی گەورەی لەبەردەمدا بوو، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت فەرمانڕەواییکردن لە غەزە ئامانجێکی سووکتری هەیە لە ڕووخاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، ڕوونیش بووەوە جگە لە مافیایەکی ئیسلامیی فەلەستینی، زیاتر شتێکی دیکە نییە، هیچی بە لاوە گرنگ نییە ئەوە نەبێت، کە دەستگرتنەکەی بەسەر غەزەدا بپارێزێت، هەروەها لەسەرپێیە بۆ ئەوەی هەمیشە وەکوو داردەستی ئێران کار بکات، لەبری ئەوەی ئامانجە سەرەکییەکەی بریتیی بێت لە دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر بۆ فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە و کەناری خۆرئاوا، مێژووی فەرمانڕەوایییکردنیشی لە غەزە پڕ لە شەرمەزارییە.“

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه