رۆژنامەی (لۆمۆند دیپلۆماتیک)ـی فەڕەنسیی راپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی " لەعێراق میلیشیاکان بڕیار دەدەن" بڵاوکردۆتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە؛ پارت و میلیشیا وەلائییەکان کە حکومەتەکەی چوارچێوەی هەماهەنگییان بەسەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی پێکهێناوە، کار لەسەر ستراتیژێک دەکەن کە بریتییە لە "دەوڵەتێکی لاواز و حەشدی شەعبییەکی بەهێز" وەک بنەمایەک بۆ کاری سیاسییان لە قۆناغی داهاتوودا
راپۆرتەکە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ستراتیژەی لایەنە شیعییەکانی سەر بە ئێران کە داوا دەکات هێزەکانی حەشدی شەعبیی بکرێتە بڕیاردەر لە دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی عێراقدا، پرسێکی جەوهەرییە لەنێو حزب و میلیشیا ئێرانییەکان لە عێراقدا
ئەوەش هاتووە، سەبارەت بەو لایەنە سیاسییانەی لەدوای 2003 دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، هێزەکانی حەشدی شەعبی بەزامنی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا دەبینن هاوشێوەی سوپای پاسداران کە بەرگریی لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، ڕوونیشی کردۆتەوە کە لەبری ئەوەی هەزاران خۆبەخش بچنە ریزەکانی سوپای عێراقەوە پەیوەندیان بە میلیشیاکانەوە کردووە، هەرچەندە جەنگی دژ بە داعش کۆتایی هاتووە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی کۆنترڵکردنی دەوڵەت و فراوانکردنی کارە سیاسیی و بازرگانییەکانیان لە دوای کۆتایی جەنگی داعش
ڕۆژنامە فەڕەنسییەکە ئاماژەی بە ئامارێکی حکومەتی عێراق کردووە کە لە مانگی تەمموزی 2023 دەرچووە و تێیدا دەرکەوتووە ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبیی گەیشتووەتە 238 هەزار کەس، لە کاتێکدا لە ساڵی 2021دا 122 هەزار کەس بوون، مووچەکەشیان بە 2.65 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە کە یەکسانە بە لەسەدا 1.8 لە کۆی بودجەی دەوڵەت
باس لەوەشکراوە، ژمارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەردەوام زیادیان کردووە، هەروەک لەگەڵ ئەوەی لەدوای کۆتایی جەنگی داعش هیچ پێیوستییەک بە بوونیان نەماوە، بەڵام ئەو هێزە پڕچەکە کە لە حاڵەتی شەڕدا نین بەشێوەیەکی فراوان بە شارەکاندا بڵاوبوونەتەوە لەپێناو زاڵکردنی دیدگا سیاسیی و ئابووریی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانیان بەسەر کۆمەڵگەدا
لەکۆتاییدا دەڵێت: ڕێبەری میلیشیا دەسترۆیشتووەکانی ناو حەشدی شەعبی دەیانەوێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە وابڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دواتر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان بۆ توندکردنی جڵەوی دەسەڵاتیان بقۆزنەوە
وەڵام بدەوه