بەرپرسی پڕۆگرامەکانی دەرەوەی لیدەرشیپی ئەمەریکی رایگەیاند، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا زۆر باشن و درێژخایەنن و ئەمەریکا بە وردی چاودێری رووداوەکانی عێراق دەکات.
رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، رۆن نێرینگ، بەرپرسی پڕۆگرامەکانی دەرەوەی لیدەرشیپی ئەمەریکی راگەیاند، بڕوام وایە دۆخی عێراق لە پەرەسەندندایە، گرنگە جددی بین لەوەی مافەکانی خەڵكی عێراق و هەرێمی کوردستان رێزی لێبگیرێت، هەرێمی کوردستانیش وەک چەند ساڵی رابردوو بتوانێت گەشە بکات و خۆشگوزەرانبێت و ئۆتۆنۆمییەکەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
رۆن نێرینگ ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی خەڵکی کوردستان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان دەدەن دەبێت رێز لە قەوارەکەیان بگیرێت، نەک لە ئەمەریکا یان لە ئێران بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، گوتیشی، "گرنگییەکی زۆر بە بڕیارەکانی ئێران دەدرێت، بۆیە ئەگەر لە عێراق و لەلایەن عێراقییەکانەوە بڕیار لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان بدرێت و رێز لە مافە تاکە کەسییەکان و ئۆتۆنۆمی کوردستان بگیرێت، بڕوام وایە باشتر دەبێت، بەڵام ئەگەر ئێران هەوڵبدات دەستوەردان لە سیاسەتی عێراق بکات نیگەرانییەکان زیاد دەکات"
ئەو کەسایەتییە ئەمەریکییە کە زۆرجار وەک شیکەرەوەی سیاسی لە ناوەندەکان و میدیا دیارەکانی ئەمەریکا وەک قسەکەر دەردەکەوێت، جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، دۆخی عێراق و ناوچەکە لە پەرەسەندندایە و ئاشکراشیکرد، بەهۆی کاریگەرییەکانی هەژموونی ئێران بەسەر عێراق خەڵک لە ئەمەریکا نیگەرانن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بەرپرسی پڕۆگرامەکانی دەرەوەی لیدەرشیپی ئەمەریکی روونیکردەوە، هەموو ئەو نەهامەتییانەی خەڵكی هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕێن، دەبێت لە حکومەت ئێستای عێراق مافی کوردەکان رێزی لێبگیرێت، رێگە بەو ئۆتۆنۆمییەش بدات کە وایکردووە هەرێمی کوردستان گەشە بکات.
هاوکات لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن، رۆن نێرینگ رایگەیاند، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا زۆر باشن و درێژخایەنن، ئەمەریکا بە وردی چاودێری رووداوەکانی عێراق دەکات.
وەڵام بدەوه