رێگە گرتن لە بەهەداردانی ئاو لەو وڵات و هەرێمانەی خاوەنی سەرچاوەیەکی بەرفرەوان و دەوڵەمەندن بە بەفروباران و سەرچاوەی ژێرزەوی ئاوەوە، دوای داهێنانە تەکنۆلۆجیەکان بە یەکێک لە داهێنانە گەورەکانی مرۆڤ دادەنرێت.
گڵدانەوەی ئاو لە چەشنی چەکێکی مەعنەوی و کەرەستەیەک و پاڵپشتێکی بەهێزی پەرەپێدانی ئابوری و هەمەچەشن کردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵداریەکان لەقەڵەم دەدرێت و ئەشێ بکرێت بە یەکێک لە پایەکانی بەهێزکردنی کەرتی ئابوری و کۆڵەگەیەکی سەرەکی بەهێزکردن و سەرچاوەی داهاتەوە.
ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە هەرێمی کوردستان بە پێی توێژینە کشتوکاڵیەکانی پسپۆرانی ئەم بوارە، بە ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵی لە قەڵەم دەدرێت.
شارەزایانی ئابوری پێیان وایە خاکی بە پیتی هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی بەهێزی چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵیە جۆراوجۆرەکانە لە پانتای ئەو ناوچانەی دەشتایین وەک دەشتی هەولێر و گەرمیان و چەند ناوچەیەکی تری بادینان.
بەڵام بەهەدەردان و بەهەدەرچوونی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی لە ساڵانی رابردوو بە گشتی و دیراسەنەکردنی ئەکادێمیانەی ئەم پرسە بە تایبەتی و پشت گوێ خستنی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەو، رێگربووە لەبەردەم پەرەپێدان بەو پرۆژە ستراتیژیانەی دەبنە هۆکاری بەهێزبوونی هەرێم لە رووی گڵدانەوەی سەرچاوەکانی ئاوو دروست کردنی بەنداوی گەورەوە.
پسپۆرانی بواری جیوپۆلیتیک و سیاسەتی نێوەدەوڵەتی و گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا لەم بڕوایەدان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاییندەیەکی نزیکدا رووبەرووی مەترسی پرسی کەم ئاوی و بەهەدەر دانی دەبێتەوەو سەتان کێشەی تری ژیاری و قەرەبونەکراوی ژینگەیی و کشتوکاڵی لێدەکەوێتەوە.
ئەویش بەدوو هۆکارەوە:
یەکەمیان پەیوەندیدارە بە دروست کردنی گەورەترین بەنداو لە ناوخاکی کوردستانی باکور لە لایەن تورکیاوە.
ئەگەر ئەو بەنداوە بکەوێتە کارەوە ئاستی بەردانەوەی ئاوی دجلەوفۆرات بۆ ناو خاکی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە کەمی دەکات و ناوچەکانی خواروو و ناوەراست رووبەرووی دەیان کێشەی ژینگەیی دەبنەوە.
ئەویتریانیش پەیوەستە بە دروست کردنی دەیان بەنداوی گەورەو بچوک لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوەو دابەزاندن و تا ڕادەیەک وشک کردنی ئاوی سیروان و دەربەندیخان و لێکەوتە و زیانەکانی ئەم وشک کردنە.
لەهەردوو حاڵەتدا ئاو سیفەتێکی ستراتیژی وەردەگرێ ئەشێ وەک چەکێک و کارتی فشار بۆ چنینەوەی کۆمەڵێک دەسکەوتی تری سیاسی و ستراتیژی و جیوپۆلیتیکەوە سوودی لێ ببینرێت.
وەڵام بدەوه