هەوڵدان بە ئاراستەی دیاری کردنی شوناسی کوردبوون لە ژێر رۆشنایی عەقڵیەتی داگیرکاری رژێمە داگیرکارەکانی خاکی کورد، هەڵوەستەکردنێکی وردی گەرەکە.
بنەمای قەیرانی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین، گرێدراوی ئەو عەقڵیەتە خۆسەپێنەیە زیاتر لە سەدەیەکە کورد دەچەوسێنێتەوە. بونیادی خودی ئەم عەقڵەیەتەی لە پشت ئەم چەوساندنەوەیەدایە گیرۆدەی قەیرانێکی زاتی و دەمارگیریەکی نەژادی و رووخێنەرە.
بۆ باس کردنی پرسی کورد پێویستیمان بە توێژینەوەو وردبوونەوەیە لەو عەقڵیەتەی لە پشت ئەم سیاسەتی داگیرکاریە بەردەوام ئاراستەی هزروفکری چەوساندنەوەو ئاوێتە کردنی کورد دەکات لە نێو بۆتەی نەتەوەی سەردەستەدا و بە بچوک کردنەوەو بە کەم سەیرکردنی کورد و فەرهەنگ و دابونەریت و شوناس و کەرامەتی کوردبوونی کردۆتە ناواخنی درووشمێکی رەگەزپەرەستانەی هەڵگری دەمارگیری قەومیەوە.
پرسی کورد نە پرسێکی ئەخلاقیە نە یاسایی. نە ئابوریە و نە سیاسی رووت. بەڵکو پرسێکی فەلسەفیە و پەیوەستە بە ماهیەتی بوون یا نەبوونی کورد وەک خۆی و لە چەشنی یەکەیەکی نەژادی سەربەخۆو و پەیوەندی هەیە بە سەرلەبەری مێژوو یا فەلسەفەی بوون و مێژووی هاتنەکایەوەی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ.
ناشێت پرسی کورد بە سوود وەرگرتن لە ئایدیۆلۆژی و چەمکەکانی چەپ و راست و ناسیۆنالیزم یا ئایینەوە دیاری بکرێ.
سەرلەبەری پرسی کورد هەڵگری تایبەتمەندیەکی رۆشن و دیارە و پەیوەستە بە بوون یا نەبوونی فەرهەنگ و فەلسەفەی کورد بوونەوە.
پرسی کورد وەک یەکەیەکی یەکانگیری نەتەوەیی و نەژادیەوە، بابەتێک نیە بەدەر لە خۆی شرۆڤەی بۆ بکرێت.
بەڵکو ئەم پرسە لە چەشنی هەر پرسێکی تری نەتەوەیی و بونیادیەوە لەوەتەی مێژوو نووسراوەتەوە، گیرۆدەی رووداوەکانی مێژووی دەرەوەی خۆی بووەو بەردەوام کەتۆتە ژێر کاریگەری و هەژمونی ئایدیۆلۆژی و هزرو قوتابخانە فکریەکانی سەردەمی خۆیەوەو نەیتوانیوە سنوورەکانی ئەم وەهم و تەوقە ببەزێنێ و گەورەتر لە خۆی بیر بکاتەوەو مکومتر هەنگاو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بنێت و لە نیوەی رێگادا تەنگوچەڵەمەکان چۆکی پێدا نەدەن .
بۆیە هەر جۆرە هەوڵێک بە ئاراستەی گەڵاڵەکردنی شوناسێکی یەکپارچە بە سوود وەرگرتن لە کەرەسەکانی توێژینەوەو شرۆڤەکاری ئایدیۆلۆژی و مەفاهیمی فەرهەنگی و سیاسیەوە، بە بێ لەبەر چاوگرتنی قەیرانە مێژووییەکانی تایبەت بە قۆناغە جیاجیاکان و بونیادی عەقڵانیەتی دەسەڵاتی داگیرکارانەوە، هەوڵێکی بێ سوودەو دەرەنجامی دڵخۆشکەو زانستی نادات بەدەستەوە.
وەڵام بدەوه