قێزەوەنترین ئەندامانی کۆمەڵگا ئەو جۆرە کەسانەن نان بە نرخی رۆژەوە حەپەلووش دەکەن و بەھیچیش تێر ناخۆن.
وەک گوڵەبەرۆژە خۆر لە کوێوە ھەڵبێت، روو بۆ ئەوێ وەردەگێڕن.
با لە کوێ ھەڵبکات شەنی خۆیان لەوێ دەکەن و لەگەڵ ئاراستەی باکە دەڕۆن.
لەسەر ھیچ ئاین و مەزھەب و بیروبڕوایەکی جێگیر نین و چێژ لە پیاھەڵدان بە درۆکانیانەوە وەردەگرن.
کاتێک قسەدەکەن و دەمیان دەکەنەوە بۆت دەردەکەوێ پێشینەی کۆمەڵایەتی و ستراکتۆری کەسایەتیان لە رووی مەعریفەو روناکبیری و دونیابینیەوە وێرانەیەکەو ھیچی تر نیە.
شێتی دەرچوونن لە شاشەی تیڤیەکان و ئامادەی گشت کۆڕو سمینارو دانیشتنێکن تۆمەت بۆ دەسەڵات بنەخشێنێت و حکومەت لە پێش چاوی خەڵک سووک بکات.
بەردەوام عەوداڵ و وێڵی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیە تەسک و تاکەکەسیەکانیانن و تەنیا دۆستی گیرفان و نەیارانی نیشتیمانن.
بەمجۆرە زۆر لایان ئاساییە یاری بە عەقڵ و ژیانی خەڵکەوە بکەن.
گەورەترین خزمەتی نیشتیمانی و خەباتی نەتەوەیی لای ئەمان خۆهەڵواسینە بە کۆمەڵێک دروشمی درۆو بەگەڕ خستنی مەکینەی چەواشەکاری و لەخشتەبردنی خەڵک و بەردەوامیدانە بە چەواشەکاریەکان و شکاندنی حکومەت و بێ نرخ کردنی دامەزراوە حکومیەکان و دەسەڵاتەوە.
خولاسە ئەم تایپە لە کاراکتەرە وین لە دڵانە تا ماوەیەک بەمجۆرە ئەسپی کحێلی خۆشبەزی خۆیان لە پانتای ژیاندا تاو دەدەن و کاتێکیش دەکەون و لووتیان دەشکێ و زەلیل دەکەون، ناوو ناوبانگیان لە توورەگەی تەڕیشدا نابینیەوەو ون دەبن و دەتوێنەوەو دەسڕێنەوە.
وەڵام بدەوه