سەردەمی بە شوناس بوونی ئوتۆمبێل
هەمیشە لە میانەی بە دامەزراوەیی بوون و هەنگاونان بەرەو شارستانیەتی کۆمەڵگا و سڕینەوەی ئاسەواری دۆخ و تایبەتمەندیەکانی پاشکەوتوویی و وەلانانی هێماکانی دواکەوتوویی، جۆری شوناس و عەقڵی تاک یەکێکە لەو تەوەرانەی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە.
کۆمەڵگا کاتێک توانای خۆتەکاندن و لێکردنەوەی لەجگە و هێماکانی دواکەوتوویی هەیە بتوانێ واز لەو خەسڵەت و تایبەتمەندیە عەقڵی ماوەبەسەرچوو و دونیابینیە کلاسیکی و تەقلیدیانە بهێنێ، دەبنە رێگر لەبەردەم گەشەو پێشکەوتندا.
دیاردەی زۆری و بۆری ئوتۆمبێل تا ئەو ئاستەی ژیان و ژینگەو کەشوهەوا بخاتە بەردەم ئالوودەگی و پیس بوون و مەترسی لەناوچوونی هێماکانی جوانی شارولادێ و سرووشت و جوانیەکان و زێدەبوونی نەخۆشیە ترسناکە درێژخایەنەکانەوە، جێگەی مەترسیە.
ڕەنگە نەبوونی ئامرازەکانی هاتوچۆی گشتی لەوانە پاس و شەمەندەفەر و مێترۆ، بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم پەرەسەندنەی زۆری و بۆری ئوتۆمبێل لە سەر شەقام و رێگاوبانەکانی کوردستان بژمێردرێت، لێ ئەم گرفتە تاکە هۆکار نیە.
خاوەندارێتی ئوتۆمبێل و بەتایبەت جۆرە شازەکەی بە گشتی پەیوەستە بە باری سایکۆلۆژیای تاکەوە.
مرۆڤ بە گشتی لە رووی دەروونیەوە حەز بە پیشان دانی کەسایەتیەکی بەدەر لەو کەسایەتیە دەکات لە کۆمەڵگا پێی دەناسرێتەوە. ئەو، بەردەوام
لە هەوڵدایە کەسایەتیەکی جیاواز لە رووی رووکەشەوە پیشانی دەورووبەری بدات و گەڵاڵەی بکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی دەربخات.
جا کاتێک تێگەیشتنی گشتی تاکەکانی کۆمەڵگا لە پانتای جڤاکێکی تەواو ماتریال بەو جۆرە بێت و هەمووان کێ بەرکێی وێناکردنی خودێکی جیاواز لە ( کۆ ) لە ناخیاندا پەنگ بخواتەوە، ئەوە دەرنجامەکەیەتی کەوا هەنووکە لەسەر شەقام و رێگاوبانەکان دەیبینین.
ئەنجامەکانیش جگە لە رووداوە دڵتەزێنەکانی هاتوچۆ، لە ژینگەو کەشوهەوایەکی ژەهراوی و پیس و ئالودەوە دەردەکەون و ئێمە ڕۆژانە دەیانبینین و هەواژەهراویەکی هەڵدەمژین.
وەڵام بدەوه