کەھیتلەر لەسەر تەختی حوکمڕانی ئەڵمانیا بوو دروشمێکی ھەبوو دەی ووت (ماف و ڕاستی ئەو شتەیە بۆ خەڵکی ئەڵمانیا باشە). ئەم دروشمە بەناوبانگەی ھیتلر ڕێک بۆ ئێستای عێراق دەگونجێت کەپەیوەندی بەمافەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. دوای تەواوبونی ھەڵبژاردنی پێش وەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زۆرترین قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کورد ھاوپەیمانی لەگەڵ کام دوو جەمسەری شیعە (مالکی و صدر) بکات بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
بەژنێکی بەتەمەن دەڵێن دایە عەقڵت دەوێت یان ئەزمون، ژنە بەتەمەنەکە دەڵێت ئەگەر (ئەزمونم ھەبێت عەقڵ لە ئەزمون وەردەگرم)، کوردیش بەدرێژایی مێژوو ئەزمونی تاڵی لەگەڵ دەسەڵاتدارە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق ھەیە، لە بەرامبەردا ھەمیشە نیەتی کورد باش بووە، قەد نەبۆتە سەرچاوەی کێشەکان بەڵکو زۆبەی جاریش کێشەکانی عێراقی چارەسەرکردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆش ئەوە عێراقە قەد باوەڕی بە پرەنسیپی پێکەوەژیان و پێکەوە سازان و شەراکەت نەبووە. زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ ھەمیشە ڕەتدەکاتەوە، بە زەبری هێز و خۆسەپاندن و پێشێلکردنی مافەکانی پێکھاتەکانی تر بووە بە کلتور لای ھەر کەسێک کەدێتە سەر تەختی حوکمڕانی عێراق.
لەسەر وەزنی دروشمی ھیتلەر ئەو کەسە باش و ڕاستە لە عێراق دا بۆ کورد مافەکان دابیندەکات لەچوارچێوەی دەستوردا، گرنگ نیە بەگراوندی چۆن بێت و کێ بێت، کام جەمسەر و سەر بەکام وڵاتی ئیقلیمی بێت وئەجێندای کێ پراکتیزە بکات گرنگ ئەوەیە دان بە مافەکانی کورد بنێت.
کورد پێویستی بەپاکێجێکی یەکگرتوە کەھەموو پارتە کوردستانیەکان لەدەوری کۆببنەوە لەسەر مێزی گفتوگۆی بەغدا دابنرێن، ھەر کەسێک ڕەوایەتی پێدا کە وەک خۆی جێبەجێی دەکات لەگەڵ ئەوەش گەرەنتی نێودەوڵەتی لەگەڵ بێت نەک وەکو جاران تەنھا بۆ گەیشتن بەکورسی دەسەڵات نەرمبن و بەڵێن بەکورد بدات کە جێبەجێی دەکات بەڵکو دەبێت مەرجی پێش وەختە ھەبێت گەرەنتی لەگەڵ بێت کە جێبەجێی دەکات کورد لەگەڵ ئەو کەس و لایەنە بێت.
گەر صدر کارتی زۆرینە کورسیەکانی بەدەست بێت ئەو کارتە بەبێ کورسیەکانی کورد تەواو نابێت، گەر مالکی پشتیوانی ھەرێمی و ئیقلیمی و مەرجەعیەتی شیعەی ھەبێت بەبێ ھێزی کورد ھێزەکە لەنگ و لاواز دەبێت ناگات بەئامانج.
کورد یەکگرتوو بێت ئەم جارە ھیچ ھێزێک نیە بتوانێت دژایەتی مافەکانی بکات، دەبێت حیزبە کوردستانیەکان لەوە تێبگەن بەغدا و ھەرێم جیاوازە، لە ھەرێم با ئۆپۆزسیۆن بن ھەرگیز لەگەڵ دەسەڵات نەبن بەڵام لە بەغدا نابێت ئۆپۆزسیۆن بن دژی حیزبە کوردستانیەکان خزمەت بە بەو لایەنانە بکەن کە لەدەرفەتێکی وا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دژایەتی مافەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵکو دەبێت ھەموو حیزبەکانی کوردی ئۆپۆزسیۆن بن دژی ئەو لایەنانەی لەبەغدا دەسەڵاتدارن کەنیەتیان ئەوەیە دژایەتی مافە ڕەواکانی کورد بکەن.
لەبەغدا گەر کەسێک دژایەتی مافەکانی کورد بکات خەوش و زیانەکانی بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان دەبێت بەھەموو ڕەنگ و ئاین و ئاینزاوە نەک تەنھا دژایەتی شەخسێک دەکات وزیانی بۆ پارتێک دەبێت.
کورد خۆی دژایەتی خۆی نەکات کە بەم شێوەیە بەناڕاستەوخۆ خزمەتی ئەو لایەنە دەکات لەبەغدا کەدەیانەوێت مافەکانی کورد زەوت بکات، ھیچ ھێزێکی تر جورئەتی نیە دژایەتی مافەکانی گەلی کوردستان بکات بەمەرجێک پارتە کوردیەکان ئامانجیان کوردستانی بێت نەک بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بەدەست ھێنانی پۆست و پایە بێت لەسەر حسابی مافەکانی گەلی کوردستان.
وەڵام بدەوه