سیاسەت بە شەرم و عەیبەوە ناکرێت، گەر ئەمریکا ئەم قسانەی لا گرنگ بوایە دەمێک بوو لەسەر تەختی پاشایەتی جیھان ھاتبوە خوارەوە. ھیچ وڵاتێک ھێندەی ئەمریکا ئەم سیاسەتە پەیرەو ناکات، کە ئامرازەکان گرنگ نین بەڵکو ئامانجەکە گرنگە، کەس ھێندەی ئەمریکا ئامرازەکان ناگۆڕێت بەڵام قەد واز لەئامانجەکە ناھێنێت. نە دۆستی ھەمیشەیی ھەیە نە دوژمنی ھەمیشەیی هەیە، ئەمڕۆ بەرژەوەندی لەگەڵ کێ بێت دۆستێتی، بەڵام ھەر کەبەرژەوەندی تەواو بوو پشتت لێ دەکات. بەم سیاسەتە ئەمریکا حوکمڕانی جیھانی گرتۆتە دەست.
ئەمریکا، قەد دەست لەوڵاتێک ھەڵناگرێت تا ئەڵترناتیڤی خۆی نەبێت و بەرژەوەندیەکانی نەپارێزێت، گرنگ نیە جوگرافیەکەی لە دەستی کێ بێت گرنگ پاراستنی بەرژەوەندیەکانە.
کشانەوەی لە ناکاوی ئەمریکا لەئەفغانستان، دەرکەوتنی تاڵیبان ھەروا شتێک نیە بڵێی ئەمریکا شکستی ھێنا، ئەمریکا شکستی ھێنا لە دیموکراسیکردنی ئەفغانستان ھەروەک چۆن لەعێراق شکستی ھێناوە بەڵام دوژمنی سێ دوژمنی خۆی لەناوچەکە ھێنایە سەر تەختی دەسەڵات، بەناڕاستەوخۆ دەتوانێت بە تاڵیبان بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت کۆسپ و بەربەست بەرامبەر نەیارەکانی خۆی لەناوچەکە دروست بکات بەتایبەتی لە ڕێکەوتنی چین و ئێران.
دۆخی عێراق بەتەواوی جیاوازە لەدۆخی ئەفغانستان. بە
کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق، کە پێم وانیە لەئێستادا بکشێتەوە یان بەتەواوی بکشێتەوە، بەکشانەوەی ئەمریکا زەمینە بۆ ھێزە میلیشیایەکان سەر بەئێران خۆش دەکات کە بەتەواوی خاک و سیادە و جومگەکانی دەسەڵات لەعێراق کونتڕۆل بکەن. کە ئێستا زۆرینەی خاکی عێراق لەبەرژەوەندی ئێرانە.
ئەمریکا پێش کشانەوە لەعێراق دەبێت ئەڵتارناتیڤی ھەبێت، ھەر ھیچ نەبێت بۆ خۆشی نەبێت بەڵام نەیارەکانیش لاواز بکات، ئەڵترناتیڤی ئەمریکا لەعێراق سونە وکوردن، کە سونە زۆر پەرش وبڵاوە و لاوازن، کورد لەھەموو ڕویەکەوە ئامادەترە. شیعەش لە دەرەوەی حکومەت وەکو میلشیا بەھێزە کەئەمەش ھەمیشە ئەگەری تەقینەوە و پێکدادان لەنێوان خودی خۆیان ھەیە، کە لە ئێستادا بەسەدان گروپن کەس بەکەس نیە.
پێش کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق، ئەمریکا دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت کەبەھێزکردنی بەغدا وەکو تاکە ناوەندی بڕیار دان لە عێراق کە بیست ساڵە باجی ئەم سیاسەتە دەدات کە نەیاری خۆی لە سەر حسابی خۆی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەھێز و بەھێزتر دەکات. ئەمریکا دەبێت سەر لەنوێ عێراق وەکو وڵاتێکی فرە ناوەند بنیات بنێتەوە، بگەڕێتەوە بۆ پرۆژەی بایدن یان شەرعیەت بەڕیفراندۆمی 2017 ھەرێمی کوردستان بدات گەر نا ھیچ بەھیچ دەردەکەوێ بەتەواوی عێراق بۆ نەیارانی خۆی بەجێدێڵێت و دۆستەکانی خۆشی لەدەست دەدات لە عێراق.
دانانی ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای ئێران لەپایتەختی ئێران، و ناردنی 200 ملیار دینار لە بەغدا بۆ ھەرێم بە ئۆکەی ئێران پێش ئۆکەی ئەمریکا، ھاتنی بەرپرسەکانی حشدی شعبی بۆ ھەولێر بۆ ئاسان کارکردن بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان لە خۆڕا نیە، خەریکە ئێران بەتەواوی جێگای ئەمریکا دەگرێتەوە بۆ کوردەکان، کەھیچ نەبێت ئێران دەیەوێت زیاتر بەکوردەکان بدات وەک ئەمریکا.
ئەمریکا ئەو بۆشایانەی چەند ساڵە ھۆکاریەتی بەتایبەتی بۆ کوردەکان پڕی نەکاتەوە ئێران لە جیاتی پڕی دەکاتەوە، ھەر دوو لاش دەزانن کورد شەڕی بەوەکالەت بۆ ھیچ لایەک ناکات ناچێتە ژێر ھەژمونی ھیچ لایەک بەڵكو ھەولێر سیاسەت لەگەڵ ئەو لایە دەکات کە زیاتر دان بەمافە ڕەواکانی دەنێت. کورد لە ھەموو عێراق ڕێکخراوترین بەھێزترینە لەچاو پێکھاتەکانی تر و یەک سەدەش شەڕی بەدەست ھێنانی مافەکانی دەکات. ھەرچەندە ئەفغانستان و ھەرێمی کوردستان زۆر لێک جیاوازن قەد بەیەکتر بەراورد ناکرێن بەڵام
نەبەھاتنی ئەمریکا نە بەکشانەوەی ئەمریکا کورد ئەزمونەکانی لە دەستی نادات بە پێچەوانەوەش ھەر تەنھا لەناوخۆدا خۆی رێک بخات لەگۆڕانکاریەکانی داھاتوودا سودمەندی یەکەم دەبێت.
وەڵام بدەوه