Kurdistan Press - ھەرێمی کوردستان ئەو شوێنە نیە کە بانگەوازی بە ئیسلام بونی بۆ بکەن ھەرێمی کوردستان ئەو شوێنە نیە کە بانگەوازی بە ئیسلام بونی بۆ بکەن | Kurdistan Press

KurdistanPress...

ھەرێمی کوردستان ئەو شوێنە نیە کە بانگەوازی بە ئیسلام بونی بۆ بکەن

موحەمەد پێغەمبەری ئیسلام (دخ) لەسەر بێت، کە بانگەوازی ئیسلامی کرد ھەم کاتەکەی گونجاو بوو، ھەم شوێنەکەی گونجاو بوو. پێغەمبەری ئیسلام لەکاتێک دا بانگەوازی ئیسلامی کرد کەخەڵک غەرق بوبو لەناو جاھلیەت ، سەردەمانێک بوو کە مرۆڤ شکۆی خۆی لەدەست دابوو، تەنھا گەورەکانی خێڵەکان کە ناسراوبون بەھا و نرخیان ھەبوو، ھەموو سەروەت و سامانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەھێنا، زۆرینەی خەڵک لەژێر پلەی کۆیلەیی دابون، خزمەتکاری چەند شەخسێک بون، جیاوازیەکی زۆر ھەبوو لەنێو ڕەگەزەکان ، 
پیاوسالاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەی دەسەند، مناڵ ھەر کەچاوی دەکردەوە مێینەبوایە زیندە بەچاڵیان دەکرد. 

ئەو شوێنەی بانگەوازی لێ دەکرد پڕ بوو لەخەڵکی بێ باوەڕ و خراپ کە بەزمانی سادە پێی ئەڵێن کافر، نەبونی ئەخلاق و بەڕەلایی لە لوتکەبو، کەس بەکەس نەبوو، ئیسلام لەسەرەتای دەرکەوتن بوو خەڵک لە ئەلف و بێی ئیسلامی نەدەزانی ڕق و کینە لە ناخی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤێکی تر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشەی دەسەند. 
ئیسلام پەیامێک بوو بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ کە لە تونێلێکی تاریک خۆی ون کردبوو، کەواتە ئیسلام بۆ خزمەتکردن و رێک خستنەوەی ژیانی مرۆڤەکان ھاتبوو، نەک ئیسلام ھەبوبێت دواتر مرۆڤ ھاتبێت بۆ ئەوەی خزمەتی ئیسلام بکات.

ئێستا لەسەردەمانێکین بەتەواوی جیاوازە لەو سەردەمەی کە ئیسلام ھات، دەھ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ ئێستا زۆر جیاوازە ئەی پازدە سەدە پێش ئێستا ، هێندەی دوری ئاسمان و زەوی جیاوازییان ھەیە. 
لەسەردەمانێکین کە زانست سەنگی مەحەکەیە چونکە زانست بەدوای قسە و قسەلۆک ناکەوێت بەڵکو بەتاقی کردنەوە بڕیار دەدات. زانست بۆ دواوە ناگەڕێتەوە تەنھا سودی لێ دەبینێت گەر ھەر بەرەو پێشەوە دەچێت. 
لەسەر دەمانێکین تەکنەلۆجیا جیھانی زۆر بچوک کردۆتەوە، ھەر بە دوو کلیک ئەوەی بتەوێت بەھەزاران سەرچاوە بەدەستی دەھێنی. 
لەسەردەمانێکین کەخەڵک شارەزایی باشی ھەیە، پێوسیتی بە کەس نیە کە باشە و خراپە لێک جیابکاتەوە کەبە زمانی ئیسلام پێ ئەڵێن حەرام و حەڵاڵ!.

ھەرێمی کوردستان، کێشەی لەگەڵ ھیچ ئاینێک نیە بەتایبەتی ئیسلام، زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن، زۆر باشتر لە زۆر وڵاتە ئیسلامیەکان شارەزایی ئیسلامن. کورد یەکێکە لەو میللەتانەی بەبێ شەڕ وبەئاشتیانە موسڵمان بوە. پێویستی بەوە نیە ئێستا ھەندێک حیزب و لایەن بانگەوازی بەئیسلام بونی و فێری موسڵمان بونی بکەن. نەوەیەکی تەواو پێگەیشتوو ھەیە نەک ھەر ئەلف و بێ و تەنھا قورئانی پیرۆز بەڵکو زۆر بواری تر شارەزایەکی باشیان ھەیە لەئیسلام دا. 

ھەرێمی کوردستان ئەو شوێنە نیە کە بانگەوازی بەئیسلام بونی بۆ بکەن چونکە نەک ھەر وڵاتی بێ باوەڕ و کوفر نیە بە قسەی خۆیان بەڵکو وڵاتێکی پڕ باوەڕ و ڕێزگرتنە لەھەمو ڕەنگە جیاوازەکان و پێکەوەژیان جوانترینە نمونەی نیە لەھەموو ناوچەکە. ھەر وەک مامۆستایانی ئاینی دەڵێن کەئیسلام ئاینی خۆسەپاندن نیە بەڵکو ئاینی ئاشتی و پێکەوە ژیانە. 
کاتەکەش لەگەڵ واقیع دا ناگونجێت ئێستا سەدەی بیست و یەکە نەک سەدەی پێنچ و شەشە! بەتەواوی ھەموو شتەکان گۆڕاون لەگەڵ ئەو سەردەمە، مرۆڤێکی تەواو پێگەیشتوو و بە شکۆ ھەیە کەدەتوانێت خۆی بڕیاربدات لەسەر ھەموو کارە خراپ و باشەکان.

ئێستا کورد لەھەموو کاتێکی تر پێویسترە خۆی بناسێت و خاوەنی بیروباوەڕ بێت بە نەتەوە و نیشتیمان بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لەژێر دەستی و زوڵم و تەعدای چوار دەورمان، کە ئەوان ھەموو ئامرازێک بە ئامرازی ئیسلامەوە بەکاردێنن بۆ ئەوەی ھەر ژێر دەستی ئەوان بین و نەتەوەی خۆمان ون بکەین کوردبون نەمێنێتەوە. 
کورد پێویستی بەزانستە، لەھەموو بوارێک دا باشتر خولیای زانست بێت بۆ ئەداکردنی حوکمڕانیەکی تەندروست، بەزانست دەتوانین وڵات و دۆزی خۆمان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، لە پەروەردەوە دەسپێ بکەین بۆ ئەوەی پڕ زانست بین، زانست بکرێتە کلتور، بۆ دروستکردنی ژێر خان و وڵاتێکی بەھێز.

ئیسلام و ھەموو ئاین و ئاینزاکانی و بێ ئاینەکان دەبێت ھەبن ھەموویان بەبێ جیاوازی بەھەستی ئاینی نا بە ھەستی مرۆڤ بونەوە ڕێز لەیەکتر بگرن بۆ زیاتر بەرقەرارکردنی پێکەوە ژیان و ئارامی و ئاسایشی باشتر. 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه