Kurdistan Press - "زەواجی میسیار"ی نێوان نیوسەرۆک و ئۆپۆزسیۆنی ساختە. "زەواجی میسیار"ی نێوان نیوسەرۆک و ئۆپۆزسیۆنی ساختە. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

"زەواجی میسیار"ی نێوان نیوسەرۆک و ئۆپۆزسیۆنی ساختە.

"زەواجی میسیار"ی  نێوان نیوسەرۆک و ئۆپۆزسیۆنی ساختە.
ئەوەی لە ئێستادا لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێدا ڕوودەدات، تەنها پاشگەزبوونەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو نمایشێکی ئابڕووبەرانەی بازرگانییە بە چارەنووسی دەنگدەران و ئیرادەی گەلەوە. ئەو پڕۆژەیەی بە ناوی "ڕێککەوتنی سیاسی" پێشکەش دەکرێت، لە ڕاستیدا جگە لە "زەواجی میسیاری سیاسی" شتێکی تر نییە؛ هاوپەیمانییەکی سوودپەرستانە کە نە لەسەر بنەمای بەرنامەی نیشتمانی دامەزراوە و نە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، بەڵکو تەنها بۆ پاراستنی دەسەڵاتی گەوجەکان و دابەشکردنی پۆست و دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەتە.
نەوەی نوێ، کە ساڵانێک خۆی وەک دەنگی گۆڕانکاری و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە ناساند، ئەمڕۆ بە فرۆشتنی دەنگی دەنگدەران، وەرگرتنی پۆستی وەزاری بۆ خوشکی بازرگانە هەڵپەرستەکە و سەپاندنی گرێبەستی دارایی خەیاڵی و مەرج و سزای توند بەسەر پەرلەمانتارەکانیدا، ڕووی ڕاستەقینەی پرۆژەکەی ئاشکرا کرد. ئەو دەنگانەی کە بە ناوی گۆڕانکاری وەرگیران، ئێستا لە بازاڕی دەسەڵاتدا بوونەتە کاڵای کڕین و فرۆشتن.
ئەوەی لە میدیاکاندا وەک واژۆکردنی هاوپەیمانی بینیمان، تەنها شانۆگەرییەکی ڕاگەیاندن بوو بۆ چەواشەکردنی خەڵک؛ چونکە ڕێککەوتنی ڕاستەقینە هەر زوو لە ژوورە تاریکەکاندا و بە "تۆماری ئابڕووبەرانە" واژۆ کراوە. ئەوان سەرۆکی چاڤیلاندیان ناچار کردووە لەسەر وەرەقەی سپی واژۆ بکات و ببێتە کۆیلەی دەستیان، بۆیە ئەوەی وەک "هاوپەیمانی" دەیبینین، تەنها جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەیە کە لەو ژوورە تاریکانەدا بە زۆر بەسەریدا سەپێنراوە، بۆیە لە کاتی واژۆکردنی شانۆگەرییەکەدا شڵەژان و ڕاڕایی لە ڕووخساری هەردووکیاندا بە ئاشکرایی دیار بوو، چونکە هەردوولا و خەلکی کوردستانیش باش دەزانن ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بنەمای متمانە نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکی کاتی دامەزراوە؛ بەرژەوەندییەک کە تەنانەت بەشێکی بەرچاوی سەرکردایەتیی هەردوولا نیگەران و ناڕازیین لێی. خراپی دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی "شامسار" ببێتە وتەبێژێکی بێ ئیرادە و ئەوەی "باتڵ"ی یەکێتی پێی دەسپێرێت،  وەک بەردەستێکی گوێ ڕاکێشراو بێ "لام و جیم" بیخوێنێتەوە. ئەمەش بەڵگە و سەلمێنەری ئەوەیە کە نەوەی نوێ چیتر ئۆپۆزسیۆن نییە، بەڵکو بووەتە سێبەر و پاشکۆی سیاسیی ئەوانەی ڕۆژێک بانگەشەی دژایەتییان دەکرد.
پیاوە بچووکەکەی نەوەی نوێ ساڵانێک بە دەنگی بەرز بانگەشەی دژایەتیکردنی «دەسەڵاتی بنەماڵەیی» دەکرد و گەیشتە ئاستی داواکردنی سزای هەڵواسین بۆ کوڕانی تاڵەبانی لە سلێمانی. کەچی ئەمڕۆ، لەسەر هەمان مێزی دانوستاندنی پۆست و کورسی، لەگەڵ هەمان ئەو لایەنە دادەنیشێت کە ڕۆژێک بە «دەسەڵاتی گەندەڵ» ناوی دەبرد. ئەمەش پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو: ئایا نەوەی نوێ هەرگیز بەرژەوەندیی جەماوەری و نیشتمانی مەبەستی بووە، یان تەنها ئامرازێک بووە بۆ گەیشتن بە کورسی و مێزی دەسەڵاتی ئەوانەی بانگەشەی دژایەتییانی دەکرد؟
 یەکێتی دوای تاڵەبانیش بەئاشکرایی بۆ مانەوە لە دەسەڵات، ئامادەیە هەموو دەستێک ماچ بکات و هەر باجێکیش بدات، تەنانەت ئەگەر نرخەکەی فرۆشتنی خاکی نیشتمان و بە تاڵانبردنی سامانی گشتی و ڕەشبگیری ڕفاندن و تیرۆرکردنیش بێت. ئەم هاوپەیمانییە دیموکراسی نییە؛ بەڵکوو ئەمەیان بە"بازاڕ کردنی سیستەمی دیموکراسی"یە و هاوپەیمانییەکی نیشتمانسووتێنە کە تێیدا ئایندەی کوردستان، متمانەی گەل و ئیرادەی دەنگدەران دەکرێنە قوربانیی حەزی پارە و دەسەڵات.
حسیبە سعید گەردی
۳ـی تەممووزی ۲۰۲٦

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا