ماڵێک گەر یەکگرتوو بێت، ڕوخانی ئەو ماڵە زۆر زەحمەتە، ھەر چەند پیلان دانێی کەخاوەن ماڵەکە شەریکت نەبوو ناتوانی ماڵەکە بڕوخێنی، گەر لاوازیشی بکەی ڕۆژێک ھەردێت ئەو ماڵە بگەڕێتەوە بۆئاستی جارانی و بەھێزتر بێتەوە بەڵام ھەر خاوەن ماڵەکە شەریکت بو بەئاسانی ئەوماڵە ئەڕوخێنی ھەڵسانەوەی مەحاڵ دەبێت!
جێنین ھێنیس پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق ڕاست دەکات کەقەوارەی ھەرێمی کوردستان بۆھەتا ھەتایە بە مسۆگەری نامێنێتەوە بەڵام ھەر خەڵکی کوردستان بڕیار دەدات کەئەم قەوارەیە ھەڵبوەشێتەوە یان بەرەو ئامانجی سەربەخۆی ھەنگاوبنێت نەک خەڵکی تر بڕیار لەسەر دەدات.
نەیارەکانی کورد بەدرێژایی مێژو پیلانیان داناوە کە کورد لە دەرەوەی ھاوکێشەی سیاسەت بێت، ھەرجارەو یەکێکیان بڕیار لەسەر مافی چارەنوسیان بدات نەک خۆیان، بۆ ئەوەی کورد نەبێت بەخاوەنی ھیچ کیانێک و دامەزراوە فەرمیەکان، ئەم کیانەش لەسەر سفرەی حازر پێشکەش بەکورد نەکراوە بەڵکو بەشۆڕش و قوربانی دانی سەدان ھەزار کورد بووە، بەخۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی ھەموو شارەکان و یەکڕیزی بەرەی کوردستانی قەوارەی ھەرێمی كوردستان بوە بەئەمری واقع.
چەندین جار ھەوڵیان داوە ئەم قەوارەیە لەبارببەن ونەیھێڵن بۆ ئەوەی جارێکیتر قڕمان بکەنەوە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان زامنی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوون خەونی تاریک پەرستەکانیان لەگۆڕناوە.
ئەوەی لەشەڕی داعش بەرگری لەمانەوەی ئەم قەوارەیە کرد پێشمەرگە قارەمانەکان بون نەک خەڵکی تر گەر پێشمەرگە قارەمانەکان نەبونایە ھەموو عێراق وێرانتر دەبوو لە سوریای ئێستا و شتێک نەدەما بەناوی کوردستانەوە و شتێک نەدەما بەناوی سەقامگیری ناوچەکە، و داعش دەبوە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتانی تریش سنورەکانی ئەوانیشی تێدەپەڕاند سەقامگیری جیھانیش دەکەوتە مەترسیەوە.
لەڕوداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر لەپردێ و سحێلا و محمودیە ئەگەر بەرگری پێشمەرگە قارەمانەکان نەبوایە ئێستا شتێک نەدەما بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە وحکومەتی کوردی، وەکو کەرکوک ھەموو شارەکانی تری کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حشد و گروپەکانی تری میلیشیای سەر بەعێراق دەبون، جا ھەتا ئێستا کورد منەت باری هیچ کەسێک نەبووە بۆ مانەوە و بەرگریکردن لەم قەوارەیە بەڵکو کورد خۆی بەرگری لەخۆی کردووە.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس کورد بەو مەرجەی عێراق فیدراڵ بێت بەشداری لەبنیات نانەوەی وڵات کردووە، ڕۆڵێکی گرنگ و کارای ھەبوو لەنوسینەوەی دەستور و پێکھێنانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، ئەو دەستورەش زامنی پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانە و تەنھا بەھەموارکردنەوەی دەستور دەتوانن ئەم قەوارەیە نەھێڵن ئەویش بەمەرجێک کەخەڵکی ھەرێمی کوردستان لەڕاپرسیەک دا بڵێن قەوارەی ھەرێمی کوردستانمان ناوێت! گەر بەزۆرینە بەبێ کورد بڕیار بدەن عێراق پاشگری فیدراڵی خۆی لەدەست دەدات جارێکی تر لەسەرەتاوە دەبێت عێراقێکی نوێ دروست بکرێتەوە، بەبێ کوردیش مەحاڵە بتوانن عێراقێکی تر دروست بکەن چونکە کورد ھاوسەنگی ھێزی لەعێراق ڕاگرتووە.
حیزبە کوردیەکان یەکڕیزبن ھیچ ھێزێک نیە بتوانێت ئەم قەوارەیە ھەڵبوەشێنێتەوە بەڵام گەر حیزبێک کە سی ساڵە خاوەنی ماڵەکەیە ببێتە شەریک لەگەڵ نەیارانی کورد بەناوی لامەرکەزیەوە ببنە مەرکەز لەگەڵ بەغدا ئەو کات دەتوانن ئەم قەوارەیە نەھێڵن، جا ئەوکاتیش لەسەر ھۆشیاری تاکی کورد دەمێنێتەوە نەکەونە ھیچ یاریەکی لەو شێوەیە کە یاری بە چارەنوسیان بکرێت دەنگ بە پرۆژەی ئەوان بدەن ئەگەر کرا.
وەڵام بدەوه