Kurdistan Press - بەرھەم ساڵح لەبەرژەوەندی کێ خۆی کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار! بەرھەم ساڵح لەبەرژەوەندی کێ خۆی کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار! | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بەرھەم ساڵح لەبەرژەوەندی کێ خۆی کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار!

بەرھەم ساڵح بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو  حیزبە بوو کەخۆی دامەزراند لەپێناو پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەوجا قەت ئامادەنیە بۆ بەرژەوەندی کورد دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت، جەنابیان ئەو پۆستە وەرگرتووە بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆی نەک ئەو پۆستە وەرگرتووە بۆ ئەوەی شەڕ بۆ مافەکانی گەلی کوردستان بکات و ئەو پۆستە بۆ بەرژەوەندی کورد بەکاربھێنێت.ئەو ھەتا   پێبکرێت بە بەرژەوەندی خەڵکی تر لەسەر حسابی کورد دەپارێزێت بۆ ئەوەی ھەر لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.

لەمانگی سێی ساڵی ڕابردوو پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوک بەمەرج موڵەتی دا ئاھەنگی نەورۆز لە کەرکوک بەڕێوەبچێت، ئەویش تەنھا سێ کاتژمێر! کە ئیھانە و سوکایەتیەکی گەورە بوو بە گەورەترین نەتەوەیی کەرکوک بکرێت، ئەوەی خراپتر بەو سوکایەتیە ھەڵویستی سەرۆک کۆمار بوو، کە پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەستی کوردە و پارێزەری دەستورە کەچی سەرۆک کۆمار لەسەر ئەو سوکایەتیە مەزنە بێدەنگ بوو، کە ھەمیشە کاتێک کورد پێویستی بە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە، سەرۆک کۆمار بێدەنگ بووە! قەت دەسەڵاتی بۆ بەرژەوەندی کورد بەکارنەھێناوە، بگرە زۆر جاریش لەسەر حسابی کورد ئەو دەسەڵاتەنەی دژی کورد بەکار ھێناوە! بەڵام ھەر ئەوکات دکتۆر شاخەوان کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو کە نیوەی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار نیە بەڵام یەکسەر پۆستی خۆی بەکارھێنا دوای چەند کاتژمێرێکی کەم ئەو سوکایەتیەی بەکورد کرا بەیاسا و دەستور نەک بە چاوسورکردنەوە ڕەتکرایەوە، ووتی ھەموو لایەک دڵنیادەکەمەوە کە ئاھەنگی نەورۆز لە کەرکوک بەئازادی بەڕێوەدەچێت. ھیچ کەسیش بۆی نیە مەرج لەسەر کورد بسەپێنێت بۆ ئاھەنگی نەورۆز. 

پێش شەش مانگێک کاتێک ئێران ھەولێر مووشەک بارانکرا، سەرۆکی ئەمریکا و فرەنسا و ئەلمانیا و ئیتالیا  ھەموو سەرۆک و سەرکردەکانی جیھان ھاتنە دەنگ بەتوندی شەرمەزارکرد ھەتا سەرۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی و  خەڵیجیش ھاتنە دەنگ کەچی سەرۆک کۆماری عێراق کە کوردە بێدەنگی ھەڵبژارد ھیچ قسەی نەکرد، بەناڕاستەوخۆ دلیش پێی خۆشبوو، ھەر شەرمی نەکردبایە حەقیش بە ئێران دەدا.

پێش چەند ڕۆژێک ئێران ھەرێمی کوردستان مووشەک باران کرا، جگە لە زیانی زۆر چەندین شەھیدیش لێکەوتەوە، لەو پەڕی دونیا سەرۆکەکان ھاتنە دەنگ، مووشەک بارانی ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە و شەرمەزار کرد، کەچی سەرۆک کۆماری عێراق کاک (بەرھەم ساڵح) مێش میوانی نەبوو، لە خەوێکی قوڵدابوو،  بەدەستی نەبوە کە ھەرێمی کوردستان مووشەک بارانکرا بەڵام بەدڵنییایەوە بە دڵی بووە!  گەر ئەو پۆستە بەدەستی کەسێکی تربوایە کە خوێنی کوردی لە دەمارەکانی بوایە بەڵنیایەوە سەرۆک کۆمار بێدەنگ نەدەبوو، نەک ھەر شەرمەزاری دەکرد بەڵکو ھەموو ھەوڵێکی دەدا کە ڕایی نێودەوڵەتی لێ بکەوێتەوە، قسەی جدی خۆی دەکرد و بڕیاری دەدا گەرچی ئەو بڕیارە نەچوبوایە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە لە بەغدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەدەستی کورد نیە بەڵکو بەدەستی خەڵکی ترە، بەڵام ئەوەی گرنگە سەرۆک کۆمار ھەموو ھەوڵە دیبلۆماسیەکانی خۆی لە سەر ئاستی ھەرێمی و جیھانی دەخستەگەر بۆ ھەولێر و ھەرێمی کوردستان. 

پێش نزیکەی دوو ساڵێک کەپاپای ڤاتیکان ھاتە عێراق، بەرھەم ساڵح کە سەرۆک کۆماری عێراق بوو، بەپاپای وت کە سوپای عێراق بوو  بەرگری لە برا مەسیحیەکان کرد و خاچیان کە پیرۆزی ئەوانە لە سەر شانیان دانابوو، بەبێ ھێنانی ناوی پێشمەرگە، کە ئەوە لە کاتێک پێشمەرگە بوو کە خاچی لەسەر شانی دانابوو، گەر سەرۆک کۆمار کوردێکی ڕاستەقینەبوایە بە پاپای دەوت کە پێشمەرگە بوو کەبەشێکە یان سەر بەسوپای عێراقە بەرگری لە برا مەسیحی و ھەموو پێکھاتەکانی تری کرد، ئەوەی خاچیشی لە سەر شانی بوو ھەر پێشمەرگە بوو، کەبەم شێوەیە نە پێشێلی  دەستوری دەکرد کە سەرۆک کۆماری ھەموو عێراقە، نە دەستکەوتی پێشمەرگەش بۆ خەڵکی تر دەبرد.

پسیارە جەوھەریەکە ئەوەیە، یەکێتی لە دووبارە کاندیدکردنەوەی کاک بەرھەم ساڵح دەیەوێت چی بکات، لەبەرژەوەندی کێ کاندید کردووە! سودی بۆ کێ دەبێت،  چوار ساڵە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمارە کەچی جگە لە زیان کورد ھیچ سودی لەو پۆستە نەبینیوە. 

گرنگە پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەستی کەسی تر بێت، کە ئەو پۆستە پشکی کوردە بەھەر شێوەیەک بێت بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ھەیە شەڕ بۆ کورد دەکات یان ھەر ھیچ نەبێت ئەو پۆستە بەدەستی شەخسێک نابێت کە دەسەڵاتەکانی دژی  گەلی کوردستان بەکاربھێنێت، بەدەست شەخسێک نابێت کە پێشنیاری دژە کوردستانیەکان بەدەسەڵاتی جێبەجێکار بدرێت، بەڵکو بەدەستی شەخسێک دەبێت کەزۆر لە دکتۆر شاخەوان زیاتر بەرگری لەمافەکانی گەلی کوردستان دەکات بە حوکمی ئەوەی دەسەڵاتەکانی زیاترە لە دکتۆر، بە دەستی شەخسێک دەبێت قەت لەسەر بچوکترین مافەکانی گەلی کوردستان  بەپێی دەستور بێ دەنگ نابێت. 

 

‏#HogirNerwayi

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه