KurdistanPress...

CLOSE

بۆ (29) پەرلەمانتارەکە!

چەند رۆژێکە ڕای گشتی کوردستان بە بڕیارێکی تەمیزی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سەرقاڵ کراوە، بەداخەوە بەشێکی ئەوخەڵکە بێ ئەوەی هیچ زانیاریەکی هەبێت دەربارەی بڕیارەکە ودۆسییەی تاوانبارانی سزادراوان بەڕاست وچەپ کەوتونەتە تانەلێدان و ئیهانە وتەنانەت دەستوردانیش لەکاروباری دەسەڵاتی دادوەری، لەوانەیە ئەمە تاڕادەیەژ ئاسایی بێت بۆخەڵکی ئاسایی کە شارەزاییەکی ئەوتۆی نیە دەربارەی ئەم کەیسە یاساییە ولەچوارچێوەی هاوسۆزی مرۆیدا کاردانەوەیەک بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ومایەیی ماڵوێرانیە کە نوێنەرانی گەل! ویاسادانەران کە ئەمدامی پەرلەمانن بە نەزانانە و بۆ مەبەستی سیاسی ئامانجدار بە ئاشکرا دەست لە کاروباری دادگا ودەسەڵاتی دادوەری وەرئەدەن ، یاداشتی ئەو (29) پەرلەمانتارەی کە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کراوە بەئاشکرا دەستوەردانە لەکاروباری دادگا وگومان لەسەر دروستی و نادروستی ڕێوشوێنەکا ی دادگایی کردنی تاوانباران دەکەن و پێشهێلکاریەکی زەقە بۆ هەموو یاسا بەرکارەکانی هەرێم و عێراق وە هیچ یاسایەک و تەنانەت پەیڕەوێک ڕێگە بەکارێکی وا نادات کە پەرلەمانتاران پێی هەڵساون، بۆیە لێرەدا هەڵەی گەورەی ئەو پەرلەمانتارانەتان بۆ ئەخەمە ڕوو لەڕووی یاساییەوە:

1- دەستوری عێراق کە ویلایەتی بەسەر هەرێم و دامەزراوەکانیشیەوە هەیە زۆر بەڕوونی لە ماددەی ٤۷ جەخت لەسەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە و جگە لە یاسا هیچ دەسەڵاتێکی تر لەسەرووی دادگاوە نیە،

و هەروەها یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007ی دەسەڵاتی دادوەریش لە ماددەی 19دا باس لەم سەربەخۆیە دەکات. بەڵام ئەندامانی پەرلەمان بەئاشکرا داوای هەڵوەشانەوەی بڕیاری دادگا ئەکەن و بەبیانووی نەبوونی نەزاهەت لەبڕیاری دادگاکە، ئەمەش بۆخۆی هەم پێچەوانەی دەستوور وپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشە کە نەخشەی کاری پەرلەمانتاری دیاریکردووە وە بە پێی ئەم پەیرەوە تەنانەت ئەگەر بابەتێک لە ژێر لێکولینەوەدا بێت پەرلەمان بۆی نییە لێکۆلینەوە لە سەر بکات چ جای ئەوەی کە بابەتەکە بە پێی رێکاری یاسایی هاتوو لە یاسای بنەماکانی دادگای سزایی حوکمی لە سەر درا بێت! و لە لایەکی تریش پێشێلکاریەکی زەقیشە بۆ بنەماکانی حوکمڕانی کە لە سەر بناغەی پرەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دانراوە.

2- بەشێکی زۆری ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کەوا واژوویان لەسەر یاداشتەکە کردووە پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان لەبنەڕەتەوە هەر نەبینیووە کەچی گومان و تانە لە بڕیاری دادگا ئەدەن. بەر لەهەرشتێک پێویستە ڕای گشتی ئەوە بزانێت لەدادگای تایبەتمەند یاخود دادگای بابەت( محكمة الموضوع) بەڵگە ناخرێتە ڕوو لەکاتی جەلسەکانی مورافەعەدا بەڵکو خستنەڕووی بەڵگەکانی تاوانبارکردن لە قۆناغی لێکۆڵینەوە ئەخرێتە ڕوو بۆیە ئەو بانگەشەیەی کەوا  ئەندامانی پەرلەمان ئەیکەن کە گوایە لەڕۆژی دادگای کردنەکەدا هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتە ڕوو نیشانەی جەهالەتیانە بە قانون و بێ ئاگاییە لەڕێوشوێنەکانی دادگایی کردن.

3- سەبارەت بەنەبوونی زەمانەتە یاساییەکانی ڕێوشوێنی دادگای کردن لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکاندا بێگومان ئەو بانگەشەیەی ئەندامانی پەرلەمان دورە لەڕاستیەوە چونکە لەناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەکاندا ناوی پارێزەری بەرگریکار هاتووە کە بەرگری لێکردوون بەڵام ئەندامانی پەرلەمان چونکە مەبەستی تریان هەیە نایانەوێ ئەو ڕاستیە بزانن بۆیە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە تاوانباران هەموویان پارێزەریان هەبووە و لەپەڕاوی لێکۆڵینەوەکاندا جێگیر کراوە، هیچ بەڵگەیە نیە کە ئەو بانگەشەیەی ئەندامانی پەرلەمان بسەلمێنێت کە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانبارانە نەکراوە، مەبەستیان تەنها وڕوژاندنی ڕای گشتیە دژی دامەزراوە قەزاییەکان.

٤- بانگەشەی هەڕەشەکردن لە تاوانباران و کەسوکاریان بە دەستدرێژی بانگەشەیەکی بەتاڵە و مەبەست لێی وڕوژاندنی ڕای گشتیە بەلای کەیسەکەدا و هەروەها بۆ تەرویجی سیاسی پەنای بۆ ئەبرێت ، ئەگەر ڕاستە ئەو بانگەشەیە بۆچی کەسوکارەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرای ناکەن کە هەڕەشەیەکی وایان لێکراوە ، وڕوژاندنی ئەم پرسە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە عارێکی گەورەیە ، نەدەبوو بکەونە ژێر کاریگەری ئەو تەوژمە پۆپۆلیستیەی کەشەقامی کوردی گرتۆتەوە لەهەندێ باردا خۆیان رابەرایەتیشی ئەکەن.

5- سەبارەت بە سەردانیکردنی تاوانباران بۆ کونسوڵخانەکانی ئەمریکاو ئەڵمانیا و وا پیشاندانی بۆ ڕای گشتی کەوا ئەوە بنەمای تاوانبارکردنی تاوانبارانە دورە لەڕاستیەوە و هەردوو کونسوڵخانە لەسەرەتاکانی دادگایی کردنی تاوانبارانەوە ئاگاداری هەموو ڕێوشوێنەکانی دادگاییکردنەکەبوون ، وە بەهیچ شێوەیەک بڕیاری دادگا ئەو سەردان و هاتوچۆیەی بە تاوان هەژمار نەکردووە ئەوەی زەڕەیەک لە یاسا بزانێت هەڵەی واناکات ، ناوهێنانی ئەو دوو کونسوڵخانەیە تەنها بەهۆی ئەوەوەە کەوا لەجەلسەی کۆتاییدا ناویان هاتووە لەلایەن تاوانبارانەوە وە بەپێی یاسای رێوشوێنەکانی دادگای کردنی عێراقی ئەبێت هەموو وتەکانیان لەناوەڕۆکی بڕیارەکە بنوسرێت. بۆیە وڕوژاندنی ڕۆڵی کونسوڵخانەکان لەتاوانەکانی تاونباران ئامانجدارە و مەبەست لێی هێنانە ناوەی لایەنی دەرەکیە لە کەیسێکدا کە پەیوەندی بە ئاسایشی ناوخۆی هەرێمەوە هەیە نەک دانیشتن و کۆبونەوە لەگەڵ کونسوڵخانەکان ، تاوانباران لە پەڕاوی لێکۆڵینەوەدا لەبەردەم دادگای تاوانەکانیشدا دانیان بەوەدا ناوە کە هەستاون بە کۆمەڵێ کاری تێکدەرانە وسیخوری کردن بۆ لایەنێکی قەدەغەکراو لەهەرێمدا کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتیمانەوە هەیە نەک شتی تر.

6- پێویستە ئەوەش بەبیری ئەو پەرلەمانتارانە بهێنمەوە کە ئاسایش لەوکەیسەدا لایەنی سکاڵاکار نیە ، لەگەڵ گەیشتنی کەیسەکە بەداواکاری گشتی ڕۆڵی ئاسایش کۆتایی پێدێت ، ئاسایش لەوکەیسەدا حەکەم وخەصم نیە وەک ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بانگەشەی بۆ دەکەن لەنەزانییان بەرامبەر یاسا ئەو جۆرە پرسانە ئەوڕوژێنن.

لەکۆتایدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم کەوا ئەو دەستوردان و فشارانەی کە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری دروستکراوە لەلایەن یاسادانەرانەوە، (کە تەنانەت بەشێکیان لە کەشێکی ئارام و ئازاد لە گەل خانەوادەی تاوانباران و رێکخراوەکانی نێو دەولەتی و رۆژنامەنووسان لە ناو هۆڵی دادگا ئامادە بوون )! پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچەوانی ئەوانەوە کەوا لەلایەک باسی سەربەخۆیی و گرنگی بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری دەکەن و لەلایەکی تریشەوە زۆر بێ شەرمانەو بێ هیچ سڵکردنەوەیەک دەست وەردەدەنە کاروباری دادگاوە و فشار دروست ئەکەن لەسەر دەسەڵاتی دادوەری بەئامانجی گۆڕینی رێرەوی عەدالەت لەو کەیسە وکەیسە هاوشێوەکاندا پەیوەندیدارن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتیەوە لەکوردستانی عێراقدا.

لەکۆتایدا پرسیارێک ئاراستەی ئەو (29) پەرلەمانتارە دەکەم ، ئایا لەسەرکوشتنی ئەو هەموو خوپیشاندەرە لەسنوری سلێمانی وڕادەستکردنەوەی تێکۆشەرێکی رۆژهەڵاتی وەک مستەفای سەلیمی و کۆشتنی رۆژنامەنووس ئامانج بابان و لانەی هاوسەری و منداڵی، بۆچی بێدەنگ بوون ودەتوانن پێمان بڵێن ڕای سیاسی و یاسایان چیە؟

*ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه