تەنیا کوردی
ناکرێ شێوەیەکی دیکەی پارتی لەنێو پارتیدا لە زمانی گەیاندن و گوفتاردا خۆی وەھا کۆپی بکات کە ببێتە سەرچاوەی وەڵامی جنێو و سوکایەتیکردن، ھەتا ئەگەر بۆ بەرگریی لە پارتی بێت و بیەوێ بە زمانی جنێو وەڵامی جنێویش بداتەوە، پارتی وەھا جوانە کە لە نێو رەوشتی خۆیدا ھەمیشە بە مرۆڤایەتیی بجەنگێ.. پارتی بوون لە رەوشت و پرەنسیپی حزبییەوە لە شاخەوە تا قۆناغی شار، فەڵسەفەی خۆی لەسەر بنچینەی کوردبوون و کوردستانیەت بوون، رەوشت، دیموکراتییەت داڕشتووە و ئەمانە لە سەنگەری رەوشتی پارتی بووندا بوونەتە پرەنسیپ و بە خوێن تێکۆشانی بۆ کراوە، بۆیە بەدەر لەم ھێڵە تێکۆشانە زمانی جنێودان ئەدەبیاتی پارتی نییە.
ھەمیشە سەرۆک بارزانی ئامۆژگاری بۆ پارتییەکان بریتیبووە لەوەی کە بەوپەڕی رەوشتەوە تێکۆشان بکەن، ئەوانەی لە نێو پارتیدا جنێو دەبەخشن، ئەمانە لەسەر رێچکەی سەرۆک و پرەنسیپەکانی پارتی نین، چونکە پارتی بوون واتە خاوەن قەزییەک کە ئەویش تێکۆشانە بۆ پیرۆزییەکانی خاک و خەڵک، بۆ ئازادی و کرانەوە و ناسنامەی کورد و کوردستان، ھەمیشە ئامۆژگاری سەرۆک وابووە کە پارتی دەستکەوتی زۆرە نە جنێودانی ھەبێت، پارتی حزبێکە لەسەر بنەمای جنێودان سیاسەت ناکات، پارتی بوون واتە شەرەفێک لەتەک ناوی پیرۆزی کوردستان و ئاڵاو و شکۆداری بۆ شەھیدان، بۆیە رای گشتی دەبێ ئەمەی لا روون بێت کە پارتی حزبێکە پێناسەکەی لەگەڵ وەزنی سیاسی خۆی لە بەرگریکردن لە کوردستان ھەڵگرتووە..
ھەندێ لایەنی سیاسی ئەگەر جنێوو سوکایەتیان کرد بە پارتی، ئەمە لە وەزنی پارتی کەمنابێتەوە، ئایا ھیچ لایەنێکی سیاسی دەتوانێ لە داستانی سحێلاو پردێ و مەحمودیە کەمبکاتەوە؟ ئایا دەتوانن لە تێکۆشانی پارتی لە ١١ ئازار یەکەم دانپێدانانی فەرمی بە ناسنامەی کوردو کوردستان، راپەڕین و شکاندنی ئەفسانەی داعش و ئاوەدانی و دیپلۆماسیەت و سەقامگیری کەمکەنەوە؟ قورسایی پارتی واتە قورسایی کوردستان، کەوایە جنێو و جنێوکاری لەئەدەبیاتی پارتی نییە، ئەوانەیشی لە نێو پارتی جنێو دەدەن دەبێ تێبگەن کە پارتی پێویستی بەم ستایلەی بەرگری نییە، چونکە پارتی لە جەنگیشدا مرۆڤانە دەجەنگێ، ھەمیشە خاوەن قەزیەش براوەیە نە ئەوانەی دەیانەوێ بە جنێو دەستی بەتاڵیان پڕکەن.
وەڵام بدەوه