بۆ لە رۆژەڤ لادانی بەجینۆساید ناساندنی کوشتاری ئەرمەنیەکان لەلایەن ئەمەریکاوە، حکومەتی تورکیا ویستی کارێک بکات کە نیشانەی سەرکەوتنی تێدا بێت.
شکست بە سەرکەوتن تۆمار بکە، ئەمە دروشمی سەرەکی پارتە ئایدۆلۆجیست و دەوڵەتە تۆتالیتەرەکانە.
کوردستانیانی هەژار بوونەتە قوربانی ئەو سیاسەتە کە لە لایەن حیزبە بەناو کوردستانیەکان و دەوڵەتەکانی داگیرکەری کوردستانەوە، جێبەجێ دەکرێن.
لەم حەوتوویەدا ئەو یارییە لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا و لەسەر بنەمای ڕێکەوتنێکی نهێنی جێبەجێ کرا.
لە ساڵی 1915دا، دەوڵەتی عوسمانی کۆمەڵکوژی بە سەر خەڵکی سڤیلی ئەرمەنیدا هێنا و لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی ئەو کۆمەڵکوژییەی بە جینۆساید ناساند.
ئەو جینۆساید ناساندنە لە لایەن ئەمەریکاوە بووە هۆی پەیدا بوونی ئاژاوە لەناو تورکیا بە گشتی و حیزبە بەرهەڵستکارەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان بەتایبەتی. هەروەها شەقامی تورکیا لە دژی دەسەڵاتدارانی تورکیا و بەتایبەت حیزبی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە زۆر گەرم بووە.
بۆ ئەوەی ئەو ئاژاوەیە لە تورکیا سست ببێت و کارتێکردنی نێگەتیڤ لەسەر دەسەڵاتی تورکیا دانەنێت، پێویست بوو حکومەتی تورکیا کارێک بکات کە نیشانەی سەرکەوتنی تێدا بێت، واتە سەرکەوتن زاڵ بێت بەسەر شکستدا.
لێژنەیەکی هاوبەشی شاراوە لە نێوان پەکەکە و نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیادا گەیشتنە ئەو بڕیارە کە پێویستە دەماودەست ئۆپەراسیۆنێکی خێرا ئەنجام بدرێت و تێیدا سوپا سەربکەوێت و لە ئەنجامدا بڕیاری ئۆپەراسیۆنی زناری کێستە درا.
ستراتجی ئۆپەراسیۆنی زناری کێستە 3 ئارمانج جێبەجێ دەکات:
1ـ سەرکەوتنی سوپای تورکیا لە ماوەیەکی کورت کە بە چەند کاتژمێرێک دەبێتە پاڵنەر بۆ شاردنەوەی شکستی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و بە جینۆساید ناساندنی کوشتاری ئەرمەنیەکان لە روانگەی ئەمەریکاوە کە بە فەرمی راگەیەندرا.
2ـ زناری چیای کێستە لە ڕووی سەربازییەوە شوێنێکی ستراتجییە، داگیرکردنی ئەو شوێنە دەبێتە هۆی ئەوە کە جوولەی تاکەکان لە ناوچەی بەرواری، گولی و ڕێکانی بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی سەربازییەوە و لە ئەنجامدا ئەو ناوچەیە ببێتە ناوچەیەکی سەربازی.
3ـ پەکەکە دەیهەوێت لەو شەرمەزارییە ڕزگاری ببێت کە ماوەی ساڵێکە دەرحەق بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیکات. چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی کە شەڕی داعش کۆتایی پێهات، بڕیاری داوە کە سنووری خۆی لەگەڵ تورکیا کۆنتڕۆڵ بکات و چەندین بارەگای سەربازی داناوە، پێشمەرگەی کوردستان باش دەزانێت کە گرنگی کۆنتڕۆڵکردنی زناری کێستە چیە، لەبەر ئەوە یەکساڵە هەوڵ دەدات بە بێ ئەوەی کە خوێن بڕژێت ئەو زنارە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام گریلاکانی پەکەکە ئەوەیان قبووڵ نەکرد و ئامادەبوون کە خوێن بڕژێت، بەڵام تاوەکو خوێنی کوردان بە دەستی کوردان نەڕێژرێت، بابەتی زناری کێستە گیری خواردبوو.
بۆیە داگیرکردنی زناری کێستە لە لایەن سوپای تورکیاوە دەبێتە هاریکار کە پەکەکە لەو شەرمەزارییە دەرباز ببێت.
پێویستە ئێستا خوێنەر بپرسێت بۆچی شەرمەزاری؟ چونکە پەکەکە هیچ هەوڵ و بیانوویەک نەما کە بۆ رێگری کردن لە پێشمەرگە نەیگرێتە بەر بۆ ئەوەی نەهێڵێت پێشمەرگە ئەو شوێنە کۆنتڕۆڵ بکات.
واتە بە کورتی ماوەی ساڵێکە پەکەکە نەیهێشتووە پێشمەرگە بچێتە زناری چیای کێستە، ئەو حیزبە لەماوەی دانێکدا، وەکوو کێکێکی گەرم پێشکەشی سوپای تورکیای کرد
وەڵام بدەوه