ئەی پیاو! چەند ناشرینە خۆت لە ژنێك بووبیت و هێندە سووك سەرنجی ئینسانی مێیینە بدەیت، چەند سەیرە خۆت دایكت هەبێت و هەموو مرۆڤێكی مێ، بە مرۆڤی كەمعەقڵ و كەم و كورت بزانیت، چەند كارەساتە تۆ پەرلەمانتار بیت و بەو ئاستە نزمە بیر بكەیتەوە، چ موسیبەتە رۆژ تا ئێوارە خۆت كردبێتە قسەكەری پشت مایكەكان و باس لە گەندەڵی بكەیت، كەچی خۆت گەندەڵ فكر بیت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمانی كوردستان رووی دا، ئاستی زۆر نزمی بیركردنەوەی پەرلەمانتارێكی یەكێتیی دەرخست هەمبەر بە مەخلووقێكی مەزنی وەكوو ئافرەت، ئەم بەشەرە مەبەستم (هاوڕێ مەلا ستاری پەرلەمانتاری یەكێییە) كاتێ ویستی بە خراپترین شێوە باس لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات و ئەوپەڕی سووكایەتی بە حكوومەت و كارەكانی بكات، گوتی: ”حكوومەت مێیینەیە!“، واتە مێیینە هەموو كارەكانی خراپن و شایانی ئەوپەڕی سووكایەتی پێكردنن، بێگومان ئەمە قسەی ناخی دڵی خۆیەتی و پێناسەكردنی ئاستی بیركردنەوەی خۆیەتی.
سەرۆكی پەرلەمان دەست و دەمی خۆش بێت كە وەك ژنێك لێی هاتە دەنگ و وەڵامی دایەوە، بەڵام دەبوو ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتییش وەك ئەوەی (فراكسیۆنی نەوەی نوێ) دەربكرایەتە دەرەوە و تا داوای بوورینی لە هەموو ژنانی جیهان و ژنانی كوردستانیش نەكردایە، نەیانهێشتایە بەشداریی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكات.
(كازم)ی نەوەی نوێ سووكایەتیی بە دەزگای پەرلەمانی كوردستان كرد و شایانی ئەو سزایە بوو، بەڵام (هاوڕێ)ی یەكێتییش، گەورەترین سووكایەتیی بە هەموو ژنانی دنیا كرد، لە كوێش؟ لەنێو پەرلەمانی كوردستانەوە، كە هەم خودی پەرلەمانەكە و هەم هەموو ئەندامانی پەرلەمانەكەش، لانی كەم نیوەی دەنگدەرانیان ئافرەت بوون، ئەگەر من یەكێك لەو ژنانە بوومایە كە دەنگیان بەو پەرلەمانتارەی یەكێتی داوە، پەنجەی دەنگدانم دەكرد بە چاویا و پێم دەگوت ئەو مووچەیەت پێ حەرام بێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، پێش هەموو كەس سووكایەتیی بە هاوڕێ پەرلەمانتارە ئافرەتەكانی خۆی كرد، سووكایەتیی بە خانمانی بەڕێزی نێو خانەوادەی خۆیشی كرد، سووكایەتیی بە دایكانی ئەنفال و دایكانی شەهیدان و هەموو ئەو ئافرەتانەش كرد كە قوربانیی گەورەیان بۆ ئەم نیشتمان و نەتەوەیە داوە، سووكایەتیی بە ژنانی پێشمەرگە و دایكان و هاوسەران و كچانی پێشمەرگەش كرد، سووكایەتیی بە هەموو ئەو ژن و كچانە كرد كە بە جۆرێك لە جۆرەكان و لە یەكێك لە بوارەكانی ژیاندا خزمەتی ئەم نیشتمانەیان كردووە و دەكەن، سووكایەتیی بەو مامۆستا ئافرەتانەش كرد كە رۆژێ لە رۆژان لە قوتابخانە وانەیان پێ گوتووەتەوە و فێری شتێكیان كردووە، هاوڕێ مەلا ستار سووكایەتیی بە (دایك) كرد، كە مەزنترین بوونەوەری سەر رووی زەمینە.
وەنەبێ كازمەكەی نەوەی نوێش هێندە ئاستی بەرز بێت، جەلال پەرێشان راستی كرد، كە گوتی: ئەگەر لە شوێنی خاتوو رێوازی سەرۆكی پەرلەمان، پیاوێكی دەستڕۆیشتوو دابنیشتایە، مەحاڵ بوو كازم بوێریی ئەوەی هەبێت، پێڵاو بهاوێژێت.
كازم زانیی دوو ژن لە دەستەی سەرۆكایەتی دانیشتوون بۆیە جورئەتی ئەو كارەی كرد.. ئای كورد چەند بەدبەختە كە ئەمانە پەرلەمانتارەكانین، بەڕاستی عەیبەیەكی گەورەیە ئیتر خەڵكی كوردستان گوێ لەم جۆرە پەرلەمانتارانە بگرن و پێیان وابێت قسەی باش دەكەن.
وەڵام بدەوه