Kurdistan Press - راستیەکانی پشت هەڕەشەکانی بافل تاڵەبانی : ئاسۆ حاجی راستیەکانی پشت هەڕەشەکانی بافل تاڵەبانی : ئاسۆ حاجی | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

راستیەکانی پشت هەڕەشەکانی بافل تاڵەبانی : ئاسۆ حاجی

بافل جەلال تاڵەبانی دەربارەی سێ پرس، لەگەڵ نوێنەری ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیان هەیە لە هەرێمی کوردستان کۆبۆوە، ئەوانیش پرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، پرسی بارودۆخی دارایی سلێمانی(سلێمانی و هەلەبجە) و پرسی هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان.
بە گوێرەی دیمەنەکانی کۆبوونەوەکە و بەشداربووان، دەکرێ بەر لەوەی گوێمان لە یەک وشەی بافل تاڵەبانی بێت، هەندێک شتی گرنگ و هەستیار هەیە، رەنگە دیارترینیان لەو سێ خاڵەدا کۆبکەینەوە:

1. بەشدارکردنی سەرۆکی پەڕلەمان لەو دانیشتنە حیزبیەی بافل تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان. ئامادەنەبوونی قوباد تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا کە زیاتر ئەو پەیوەندی بەو پرسانەوە هەیە.

2. نوێنەرایەتی کردنی زۆربەی وڵاتان لەلایەن کارمەندێکی کۆنسلخانەکانیان، و بەشداری نەکردنی کەسی یەکەمی نوێنەرایەتیەکان.

3. بەشداری کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە (دوو) نوێنەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوەش زیاتر سەرنجی خەڵک بۆ سەر ئەو راستەقینەیە رادەکێشێ کە ئێران ئامادەیی بەهێزی هەیە لە سەر گوتاری سیاسی و بڕیارە سیاسیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
 
یەکەم، پرسی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان

بافل تاڵەبانی لە باسکردنی پرسی هەڵبژاردنی کوردستان و پێویستی هەموارکردنەوەی یاساکە، جەخت لە سەر دوو خاڵ دەکاتەوە، کە هیچیان لە چوارچێوەی بایەخی وڵاتان، بە تایبەتی وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوو جێگایان نابێتەوە:

1. بەستنەوەی یاسای هەڵبژاردن بە رەهەندی نیشتیمانی و پێویستی هەبوونی سازان دەربارەی ئەو یاسایە و هەموارکردنەوەی، تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەیکات، بە هێنانەدەری ئەو دۆسیە لە دەستی پەڕلەمانی کوردستان، کە گرنگترین دامەزراوەی نیشتیمانیە لە کوردستان و تاکە دامەزراوەی پەیوەندیدارە بەو پرسە، هەروەها بە بارمەتە گرتنی سەرۆکی پەڕلەمان، بە بەهانەی ئەندام بوونی لە حیزبێکی سیاسی و گچکەکردنەوەی و دابەزاندنی پێگەکەی لە سەرۆکایەتی کردنی گەورەترین دامەزراوەی نیشتیمانی بۆ ئاستی کادیرێکی حیزبی گوێڕایەڵ و پاشکۆی بڕیاری سیاسی حیزبەکەی.
 
2. باسکردن و چەند بارەکردنەوەی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکانی کوردستان کە یەکێتی ئێستاش بە (کەمینە) ناویان دەهێنێ، لە هەمان کاتدا تۆمەتبار کردنی نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە کە خاوەنی بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆ نین و نوێنەرایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی خۆیان ناکە، دژایەتی کردنێکی روون و ئاشکرای ئەو پێکەوە ژیانەیە کە هەرێمی کوردستانی پێ دەناسرێتەوە، بۆتە رووێکی گەش و جوانی کوردستان کە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێی دەناسرێتەوە، بۆیە ئەوەی بافل تاڵەبانی دەیڵێ و یەکێتی بەرنامەڕێژی بۆ کردووە و لۆبی بۆ دەکات، پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی کوردستان زیاتر لەخۆی دووردەکاتەوە، هەروەها لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا نیشانەی پرسیارێکی گەورە دەخاتە سەر ناوبانگ و کەسایەتی مەعنەوی خۆی وەک هێزێکی سیاسی، کە بانگەشەی پێشکەوتن دەکات.
لە پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی کوردستان، یەکێتی تەنها یەک ئامانجی هەیە و هەموو کارێک بۆ وەدیهێنانی دەکات، ئەویش لە رێگای دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بە سەر چوار بازنە، بە هەموو شیوازێک و هاوکاری ئێران زۆرترین دەنگ لە سلێمانی و هەلەبجە بباتەوە، و پارتی لەو دەڤەرە هیچ کورسیەک نەهێنی یان چەند کورسیەکی کەم، تا بڵێ پارتی نوێنەرایەتی ئەو دەڤەرە ناکات، وەک لە قسەکانی بافل تاڵەبانیش ئەوە بە روونی دیارە کە لە ئێستاوە بە ناو و نوێنەرایەتی خەڵکی ئەو دەڤەرە قسە دەکات و بڕیار دەدات.
 
دووەم، پرسی بارودۆخی خراپی سلێمانی

بافل تاڵەبانی کە بە جلی سەربازی لەگەڵ نوێنەرایەتی دبلۆماسیەتی وڵاتان دانیشتبوو، قسەکانی وەک فەرماندەیەکی کودەتا چی دەچن نەک هاوسەرۆکی حیزبێکی سۆشیال دیموکرات، بە رەنگ و ستایلی جلکەکانی وێنەی فەرماندەیەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نیشان دەدات، لە قسەکانیشیدا هەمان وشە و دەستەواژە بەکاردەهێنێ، کە هەڕەشە لە خۆوە دەگرن بە دوو ئاراستە، ئاراستەی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە شەرعیەتی ئیدارەی کردنی ئەو هەرێمەی لە سندوقەکانی دەنگدان وەرگرتووە، ئاراستەی دووەم خەڵکی دەڤەری سلێمانیە کە بافل تاڵەبانی و حیزبەکەی وەک بارمەتە لە ناکۆکیە سیاسیەکانیان و سازش کردن و رێکەوتنەکانیان بەکاریان دەهێنن.

ەر لە کەمتر لە ساڵێک بافل تاڵەبانی دۆخی سلێمانی و حوکمڕانی لەو دەڤەرەدا لە چەند دەستەواژەیک کورت کردەوە، کاتێک هاوسەرۆکەکەی خۆی بە سەرپەرشتی چەند گروپێکی مافیایی تۆمەتبار کرد، کە کاریان قاچاغچیەتیە لە سنوورەکان و دەست گرتن بەسەر داهاتی ناوخۆیی و خاوە وەرگرتن لە سەرمایەداران، هەروەها ترساندن و هەڕەشەکردن لە خەڵک، ئەوەش بووە هۆی لێکترازانیان و دەرکردنی لاهور جەنگی لە ناو یەکێتی دا، ئەو کات کەسانێک باسی ئەوەیان دەکرد کە بافل تاڵەبانی لە هەموو ئەو کارە خراپانەی دایە پاڵ لاهور جەنگی هاوبەش و ئاگادارە و ئەنجامدانی کودەتا لە ناو حیزبەکەی و دەرکردنی نەیارانی، لە پێناو سلێمانی و خەڵکەکەی نیە، بەڵکو بۆ کۆکردنەوەی هێزی سیاسی و دارایی و سەربازیە لە دەستی خۆی، ئەوەش لە گوتەکانی بافل تاڵەبانی لە بەردەم نوێنەری وڵاتان دووپات و پشتڕاست کرایەوە، کاتێک تێکڕای گوتارەکەی و پەیامەکەی بریتی بوو لە 'هەڕەشەکردن'.
 
سێیەم، پرسی هەناردەکردنی غازی سروشتی

پەیامەکەی بافل تاڵەبانی دەربارەی هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان، درێژکراوەی هەمان پەیامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، کە لە رێگای موشەکەکانی و دواتریش لە رێگای گوتاری میدیاییەوە ئاراستەی هەرێمی کوردستانی کرد. دەکرێ گوتارەکەی بافل تاڵەبانی لەو رستەیدا کورت بکرێتەوە "ئەگەر دەتانەوێ غازی سروشتی هەناردە بکەن دەبێ ئێران رازی بکەن". رازی کردنی ئێرانیش پەیوەندی بە کۆمەڵێک بابەتی دیکەی گرنگ و ستراتیژی هەیە، کە رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیان هەیە، بەر لە هەموو شتێک داڕشتنەوەی پڕۆسەی سیاسی عێڕاقە وەک ئەوەی ئێران دەیەوێ، لە بەڵادەست بوونی شیعە لە پڕۆسەکەدا و لە ڕێگای بەهێزترکردنی میلیشیا چەکدارەکانی، هەروەها بەکارهێنانی کاری عێڕاق لە دانوستانەکانی دا لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، هەروەها لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی پێنج کۆ یەک.
لایەنێکی دیکەی بابەتەکە کە یەکێتی بەو توندیە گرتوویەتی، هەوڵدانی یەکێتیە بۆ رادەست کردنی سامانی سروشتی کوردستان بە بەغدا، وەک درێژکردنەوەی ئەزموونی رادەست کردن هەروەها ریکەوتنیان لەگەڵ هێز و میلیشیا شیعیەکانی سەر بە ئێران لە شازدەی ئۆکتۆبەردا. یەکێتی ئەو باوەڕ و بڕیارەی لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هەناردەکردنی سامانی سروشتی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان واتا بەهێزبوونی پێگەی سیاسی ئەو قەوارە دەستوریەیە، کە لەلایەن یەکێتی ئەوە واتای بەهێزبوونی رکابەرە سیاسیەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە یەکێتی کە لە بەرامبەر ئەو رکابەرە سیاسیەی بەردەوام لە پاشەکشێ دایە، لە سەر هەموو ئاستەکانەوە و لە رێگای هەڵبژاردن و جەماوەرەوە توانای رکابەریکردن و دژایەتی کردنی نەماوە، بۆیە ۆەنا دەباتە بەر هێزێکی لەخۆی گەورەتر کە بەغدایە، لەو پێناوەشدا ئەوەی پێویست بێت لە دژایەتی کردن و بێهێزکردنی هەرێمی دەستوری کوردستان لە بەرامبەر بەغدا دەیکات.

ئەوەی یەکێتی دەیکا و ئامانجیەتی، جێگای پەسندی زۆرینەی نوێنەری ئەو وڵاتانەی نوێنەریان نیە کە لە کۆبوونەوەکەی بافل تاڵەبانی بەشداربوون، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، وڵاتانی ئیقلیمی جگە لە ئێران، پاڵپشتی بەهێزی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان بۆ دەرەوە، هەروەها لە دژی هەر هەوڵێکیشن کە ببیتە هۆکاری تێکچوونی هاوسەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوەش لە چەندین بۆنە و بە چەندین شێواز رایانگەیاندووە کە ئەوان پاڵپشتی لە هەرێمێکی کوردستانی بە‌هێز دەکەن، هەر ئەوەشە رێگر بووە تا ئێستا کە یەکێتی هەرێمی سلێمانی جیابکاتەوە و بیخاتەوە سەر بەغدا.

ئەوانە ئەو راستیانەن کە لە پشت هەڕەشەکانی بافل تاڵەبانین کە پێویستە خەڵک لێیان ئاگادار بێتەوە، چونکە وێڕای هەبوونی ناڕەزایەتێکی زۆر لە بەرامبەر ئەو زمان و گوتارە هەڕەشە ئاماێزانەی بافل تاڵەبانی، بەڵام هێزێکی گەورەی ئیقلیمی وەک ئێرانیش هەیە کە بە هەموو توانایەوە هانی بافل و یەکێتی دەدات،تا بەرزترین ئاست بڕۆن لە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و ئەگەر پێویستیش بوو هەڕەشەکان تەرجومەی سەر واقیع بکات، کە بە واتای هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ دێت، رەنگە لەوەش بانگهێشتی هێزە داگیرکەرەکانی وەک میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بکات وەک ئەوەی لە رادەست کردنەوەی کەرکوک کردی.
لە بەرامبەر ئەوەدا، کە شیکردنەوەیەکەی گەشبینانەیە بۆ تێکڕای پرسەکان ئەوەیە، کە پرسی نەوت و غازی سروشتی رەهەندی نیودەوڵەتیان هەیە و پەیوەندی بە وڵاتانەوە هەیە لە سەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆیە بافل تاڵەبانی و یەکێتی بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر وەک هێزێکی کودەتاچی و یاخی لە یاسا و هاوکێشە سیاسیەکان دەربچن و خواستی خۆیان بەسەر خواستی قەوارەیەکی دەستوری بسەپێنن، کە رۆژ بە رۆژ گرنگی و هێزەکەی لە ناو کۆمەڵی نیودەوڵەتی و ناوەندە بڕیار بەدەستەکان زیاتر دەبێ و پێگەی بە‌هێزتر لە سەر نەخشەی وزەی جیهان دەچەسپێ.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه