Kurdistan Press - ئاسۆ حاجی : ئەو دەرگایەی یەکێتی کردیەوە ئاسۆ حاجی : ئەو دەرگایەی یەکێتی کردیەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئاسۆ حاجی : ئەو دەرگایەی یەکێتی کردیەوە

یەکێتی هەڵەیەکی کوشندەی بەرامبەر بەخۆی کرد، کاتێک لە 2018 لە کۆ دەنگی کوردستانی دەرچوو، بە پاڵپشتی ئێران و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بەرهەم سالحی کردە سەرۆک کۆمار. ئێستا باجی ئەو هەلەیەی دەداتەوە، ئێران و هێزە وابەستەکانی ئێران هەنوکە ئامادەن بە یەک (مەرحەبا)ی پارتی یەکێتی و کاندیدەکەی وەلابنێن.
یەکێتی بە تەواو خۆ یەکلایی کردنەوەی لە بەرەی ئێران، دووچاری فشاری جدیتر و گەورەتر دەبێتەوە، لە سەر ئاستی ناوخۆیی و ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، چونکە لەسەر هەر سێ ئاستدا ئێران هێزێکی قبوڵنەکراوە، لە سەر ئاستی ناوخۆیی کوردستان و عێڕاق ئێران بە هێزی تێکدەر و داگیرکەری عێڕاق دادەندرێ، لە سەر ئاستی ئیقلیمی ئێران بە هێزێکی شەڕانگێز و ترسناک دادەندرێ کە لە یەمەنەوە تا لوبنان ناوچەکی خستۆتە بەردەم ئایندەیەکی نادیار و مەترسیدار، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئێران ئەو وڵاتەیە کە چەندین گەمارۆی لە سەرەوە بە چەندین شێواز سزادراوە و وڵاتێکی نەویستە و لەلایەن وڵاتانی دیموکرات ئێران بە ئەندامێکی بەرەی شەڕ هەژمار دەکرێ، بۆیە ئۆتۆماتیکیەن ئەو هێز و لایەنانەی لە بەرەی ئێرانن لە سەر هەر سێ ئاست هەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، نموونەی حیزبوللای لوبنانی و حوسیەکانی یەمەن و حەماسی فەلستینی نموونەی هەرە دیارن.
لە دۆخی ئێستای یەکێتیدا بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و پەکخستنی دانیشتنی پەڕلەمان تا بە هەڵوەشاندنەوەی دەگات دادی نادات، چونکە ئەو بۆتە ئەو ستونەی کە نایەڵێ ئێران بکەوێ، بە پێچەوانەوە بە هەموو هێز و توانایەوە کار بۆ سەرخستنی ئێران دەکات، بۆیە لە مەودوا زیاتر گۆشەگیر بوون و دوورکەوتنەوە لە بازنەی بایەخی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی یەکێتی دەکات، لە سەر ئاستی کوردستانیش لە مەودوا دەبێ فۆکس و چەقی کارەکانی بەو ئاراستەیە بێت کە هێزە سیاسیە نوێیەکانی وەک نەوەی نوێ بەڕەی سلێمانی لە ژێر پێ دەرنەهێنن و بە تەواوی بکەوێ، بە تایبەتیش کە چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان لە دەڤەری سلێمانی بگاتە سەرەوەی دە لیست، کە هەموویان دەنگ و کورسیەکانی یەکێتی دەبەن، بە تایبەتیش کە ئەوجارەیان هیچ هێزێک ئامادە نیە هەلەی بزووتنەوەی گۆڕان دووبارە بکاتەوە و خۆی بە قوربانی هەندێک دروشمی بێ ناوەڕۆکی یەکێتی بکات.
بە گوێرەی رووداو و پێشهاتەکان یەکێتی ماوەیەکی یەکجار کەمی لە بەردەم ماوە کە ئەو دەرگایەی بەسەر خۆیدا کردیەوە دایبخاتەوە، لەوە تەنها هێزێک بتوانێ هاوکاری بکات پارتیە لە رێگای رێکەوتن دەربارە پرسگەلێکی گرنگ کە یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار یەکێکە لەو پرسانە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه