بەداخەوە دوای بڕینی ئەم هەموو قۆناغ و تێپەڕینی ئەم هەموو ساڵە و لەدایک بوونی تێکنۆلۆژیاو شۆڕشی زانیاریەکان و ئازادی و سەربەستیدا، مێدیای کوردی لە جیاتی جۆشدانی هەستی نەتەوایەتی و دروست کردنی ئینتیما بۆ نیشتیمان و خاک و نەتەوە و پاراستنی یەکڕیزی، بە شێوەیەکی ترسناک ئالودەی پەتای کوشندەو رووخێنەری بڵاوکردنەوەی نائومێدی و شەڕەجنێوو چەواشەکاریەکی فرەرەهەند بۆتەوە.
لەژێر سایەی مەرحەمەت و ئازادی و دیموکراسیدا مێدیایەک لە دایک بووە نازناوی مێدیای ئازادی بەسەرخۆیدا بڕیوەو شەلم کوێرم دەست ناپارێزم، سڵ لە هیچ ناکاتەوە.
بەشێک لە مێدیای بە ناو ئازادی ئەمڕۆی کوردستان بە گشتی کێبەرکێی ئەوەیەتی لە چ سووچێکەوە دابەزێتە سەر کۆمەڵگاو بە نانەوەی ئاڵۆزی و دروست کردنی گرژی و هاندانی شەڕەجنێو، بکات بە ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆیەوە.
ئەم ميدیا نەخۆشە تا ئاستێکی زۆر خراپ و ترسناک لە جۆرەها نەخۆشی و پەتاوە ئاڵاوەو ئەستەمە جارێ بەخۆیدا بچێتەوەو ئەرک و بەرپرسیارەتیە مێژوویی، نیشتیمانی، نەتەوایەتی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسیەکان بخاتە سەرووی هەموو ئەرکێکەوە و بەخۆیدا بچێتەوەو واز لە شەڕەجنێو و کردارە رووخێنەرەکان بهێنێ و بۆ پەیامە پاک و بێ گەردەکەی مێدیای بەرپرسیار، بگەڕێتەوە.
وەڵام بدەوه