لەداستانی پردێ و سحێلا سێ بەشی جیھان نەیاری کورد بوو، بەشەکەی تریش بێدەنگ بوو، کورد لەو کاتەدا تەنھاترین کەس بوو، خۆشی تەواو نەبوو نیوە بوو، نیوەکەی تری دڵی لای نەیارەکانی خۆی بوو.
جیھان لەوپەڕی بێ ڕەحمی دابوو لەگەڵ کورد، گوێیان کەڕ بووبوو، دەنگی بەرزی کورد بۆ سەربەخۆیی نە دەبیست، ھەمو جیھان چاوەڕێ بون چۆن عەبادی بە دەبابەی ئەبرامزی ئەمریکی لەسەر لاشەی کورد دەڕوات، لەگەڵ زەوی تەختی دەکات، ئەوە لەکاتێک بوو جەنگی سێیەمی نامرۆڤایەتی کە ھەڕەشەی لەھەموو جیھان دەکرد لەسەر شانی پێشمەرگە بوو، پێشمەرگە مرۆڤایەتی و کەنیزەبونی جیھان لەدەستە ڕەشەکانی داعش و ئەمسالەکانی پاراست.
کورد چاوەڕێی ئەوەبوون کەجیھان بەدرێژایی مێژوو لەگەڵی بێ ڕەحم بووە، ئەم جارە ویژدانی بجوڵێت بەڕەحم بێت لەدوای ئەوەی بەتەنھا شەڕی سەرسەخترین دوژمنی جیھانی کرد پاداشت بکرێت بەڵام لە جیاتی پاداشتکردن گڵۆپی سەوزیان بۆ عەبادی داگیرساند، کە وەکو ھەموو جار کورد بەبێ ڕەحمترین شێوە لەناو بەرن و قڕبکرێنەوە، بەڵام ئەوە کورد بوو جارێکی تر بە تەنھا بەرگری لەشوناس و مانەوەی خۆی کرد، لە دوای ئەو داستانە مەزنە جیھانی ناچارکرد لەو خەوە گرانەی بەرامبەر کورد ھەڵبسێتەوە بێتە دەنگ.
جگە لەوەی جیھان بێ ڕەحم و بێدەنگ بوو بەرامبەر کورد، ئەو حیزب کوردیانەی دوێنێ زانیاریان بەعەبادی دەدا، کەناڵەکانیان بوبون بە زمان حاڵی دوژمن، جارێک پێشمەرگەی بە میلیشیا ناودەبرد، جارێکیش بە سێڵفیگر! ھەر ماوە ماوە بەپەلەیان بڵاو دەکردەوە کە پێشمەرگە مامەڵەی خراپ لەگەڵ حەشد دەکات سات بە سات پێشڕەوی حەشدیان بڵاو دەکردەوە، ھەم بە مەعنەوی ھەم پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ دوژمن دەڕبری بوو چاوەڕێی کەوتنی کوردستان بون بەیەکجاری بۆ ئەوەی بەتەپڵی سەرکەوتن و نوقڵ پێشوازی لە حەشد بکەن، کەچی ئەمڕۆ کەوتونەتە مەتح و سەنای خۆڕاگری ئۆکرانیا و سەرۆکەکەی! کە چەند ڕۆژە بەرگریەکی سەخت دەکەن لەگەڵ ڕوسیا.
ئەمە لەکاتێک دایە، کەسێ بەشی جیھان پشتیوانی لەئۆکرانیا دەکەن، چی بە مەعناوی، چی بە ناردنی چەک بێت، چی بە دانی زانیاری بێت لەسەر شوێنی سەربازەکانی ڕوسیا، ھێشتا ڕوسیاش شەڕی ڕاستەقینەی خۆی نەکردووە، ئینکاری لە ئیرادە و خۆراگری ئۆکرانیەکان ناکرێت بێ وێنەیە،
بەڵام چما ئەو حیزبە کوردیانەی ئەمڕۆ لەخەمی ئەوەن ئۆکرانیا نەکەوێت، سەرۆکەکەی بە قارەمان ناودەبەن، ئۆکرانیا بە حەق دەزانن، دوێنێ سەربەخۆیی بۆ کورد بە شوم و قومار دەزانی،عەبادی و ئەمسالەکانی بەحەق دەزانی، ئەمە لەکاتێک دایە ئۆکرانیا دەیەوێت دوژمنی ڕوسیا بھێنێتە سەر سنوری ڕوسیا بەڵام کورد نەسعودیە و نەئسرائیل نەھیچ وڵاتێکی تر کە ئەوان بەدوژمنی خۆیان دەزانن نەھێنابوە سەر سنوری خۆیان، تەنھا کورد داوای ئەوەی دەکرد کەسەربەخۆ بێت وەکوو ھەموو میللەتەکانی جیھان.
حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد گەر ئەمریکی بونایە، ئەمریکا ھەرگیز نەدەبوو سەید العالم! گەر بریتانی بونایە، خێزانی شاھانەی بریتانیا قەرزاری ھەموو جیھان دەکرد، گەر ڕوسی بونایە ناتۆ نەک ھەر لەسەر سنورەکانی ڕوسیا دەبوو بەڵکو لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا بارەگایان دەکردەوە، گەر ئۆکرانی بونایە ئۆکرانیا یەک دەقەش شەڕی نەدەکرد، بەگوڵ نوقڵەوە پێشوازی لەسوپای ڕوسیا دەکرد، گەر یابانی بونایە یابان لە تەکنەلۆجیادا سفری دوای فاریزە دەبوو، گەر چینی بونایە ئابوری چین وێران دەبوو. گەر ھەر وڵاتێکی تربوونایە ئەو وڵاتە کۆیلە و ژێر دەستە دەبوو، ھەمیشە داگیرکراو دەبوو، وێران و قەرزار دەبوو، بە وڵات نەدەچوو سەرگەردان دەبوو.
تەمەنا دەکەین، کە دوژمن و نەیارەکانی کوردستان ھاوشێوەی بەناو حیزب و ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی ھەبێت، دەمێک دەبوو کوردستان دەوڵەتێکی مەزن بوو، حوکمڕانی لەناوچەکە دەکرد، بەڵام بەداخەوە نەگبەتی کورد لەوەیە تەنھا کورد ئەم جۆرە حیزب و بەناو ئۆپۆزسیۆنەی ھەیە، بۆیە تا ئێستا دەوڵەتی کوردی ھێشتا خەون و خەیاڵە، تەنھا لەدێری شعرەکان و لەدەمی نوسەرەکان دەبیستین!
وەڵام بدەوه