دوایین ئامارەکانی قوربانییانی ئەو بوومەلەرزانەی ناوچەکەی هەژاند و سەنتەرەکەی باکووری کوردستان بوو، ئاستی وێرانکاریی بوومەلەرزەکان نیشاندەدەن بەجۆرێک ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە 3500 کەس نزیک دەبێتەوە.
فوئاد ئۆکتای، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ، سێشەممە (7-2-2023) رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لەئەنجامی بوومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 3419 کەس، هەروەها هەشت هەزار کەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا رزگارکراون.
بوومەلەرزە بەهێزەکان، کە یەکەمیان 7.7 و ئەوەی دیکە 7.6 بوو بە پلەی رێختەر، سەنتەرەکەیان مەڕەش بوو لە باکووری کوردستان، بەهۆیانەوە جگە لە زیانی گیانی، هەزاران کەس لە هەموو ناوچە کاریگەربووەکانی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیا بێ ماڵوحاڵ بوون و خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان وێران بوو.
یاریدەدەرەکەی سەرۆککۆماری تورکیا دوایین ئاماری بریندارانیش ئاشکرا دەکات و دەڵێ "20 هەزار و 534 بریندارن".
بەگشتی بەگوتەی فوئاد ئۆکتای، 3294 کارمەندی فریاگوزاری گەیشتوونەتە تورکیا بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان و، 70 وڵاتیش کارمەندی فریاگوزاری رەوانەی تورکیا دەکەن.
ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەپێی ئەو داتایانەی فوئاد ئۆکتای رایگەیاندن بەمشێوەیەن:
- مەرەش؛ 530 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2900 کەس بریندارن
- هاتای؛ 872 کەس گیانیان لەدەستداوە و 2766 کەس بریندارن
- عوسمانییە؛ 293 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1315 کەس بریندارن
- سەمسوور؛ 720 کەس گیانیان لەدەستداوە و 400 کەس بریندارن
- ئامەد؛ 92 کەس گیانیان لەدەستداوە و 770 کەس بریندارن
- رووها؛ 95 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1791 کەس بریندارن
- دیلۆک؛ 481 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3890 کەس بریندارن
- مەلەتێ؛ 166 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3298 کەس بریندارن
وەڵام بدەوه