سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزە 7.4 پلەییەکەی ماڕاشی باکووری کوردستان رایگەیاند، تائێستا لە 10 پارێزگا 912 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5385ی دیکەش بریندار بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 سەردانی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافادی لە ئەنقەرە کرد و رایگەیاند، بە هەموو دەزگاکانی دەوڵەتەوە کار بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان دەکەن، سوپای تورکیا لە ئامادەباشیدایە و بۆ رزگارکردن و یارمەتیدانی هاووڵاتییان 900 کارمەندیان ناردووەتە ناوچەکە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 912 کەس گیانیان لەدەستداوە و 5385ی دیکەش بریندار بوون.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، 2818 باڵەخانە رووخاون و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2470 کەس لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکان رزگار کراون، لانیکەم 2000 کەسیش ماون لەژێر داروپەردوودا.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر شاری ماڕاشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
وەڵام بدەوه