كەناڵێكی ئەمەریكی لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاوی كردەوە، هەواڵگریی ئەمەریكا توانیویانە زانیاری لەبارەی كاروانێكی چەك و كەلوپەلی سەربازی كۆ بكەنەوە تا ڕەوانەی ئێران بكرێت، گرنگترین ئەو چەكانەی لە ناو كەلوپەلەكانیش بوونیان هەبووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشكەوتووە كە ئێران بە تەواوی سەرجەمی ئەو سیستمەی لە وڵات لەناو بران و پێویستیی بە هی ترە.
كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی لە زاری سەرچاوەكانەوە گواستوویەتیەوە، پەكین هەوڵ دەدات كاروانی چەك و كۆمەكی سەربازی لە ڕێگەی وڵاتی سییەمەوە بگەیەنێتە ئێران، ئەو كاروانەیش كە كۆ كراوەتەوە و نیازی ڕەوانەكردنی بۆ ئێران هەیە، هەفتەیەكی تر دەخایەنێت تا دەگاتە تاران.
هەریەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و كۆشكی سپی و باڵوێزخانەی چین لە ئەمەریكا، ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن.
لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو كۆمەكە سەربازییە سەرچاوەیەك بۆ كەناڵەكە ئاشكرای كردووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەكی دژە درۆن و دژە فڕۆكە لە ناو كاروانەكەدا بوونی هەیە، پەكین یارمەتیدەرێكی سەرەكیی ئێران بووە لەو جەنگە 40 ڕۆژییەی كە ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی تاران بەرپایان كرد.
هەرچەندە بڕیارە ئەمڕۆ شەموو دانوستاندن لە نێوان تاران و واشنتن لە پاكستان دەست پێ بكات و ماوەی دوو هەفتە ئاگربەست لە نێوان هەردوولا ڕاگەیەنراوە، بەڵام تا ئێستە ڕوون نییە كە هەردوولا دەتوانن بە ڕێككەوتن بگەن و كۆتایی بە جەنگ بهێنن، یان لە دوای ئەو دوو هەفتەیە جارێكی تر جەنگ دەست پێ دەكاتەوە


وەڵام بدەوه