Kurdistan Press - دەقی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بڵاوکرایەوە دەقی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بڵاوکرایەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

دەقی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بڵاوکرایەوە

دەقی ڕێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بڵاوکرایەوە کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە بوو بە بنەمای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەش دۆسیەی نەوت و دەروازەکان و ئاسایش بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێن.

 ڕۆژی هەینی هەسەدە و حکومەتی سووریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان، بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لە حەسەکە و کۆبانی دەکشێتەوە، لە بەرامبەریشدا یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.

 بەگوێرەی دەقی ڕێککەوتنەکە کە گۆڤاری ئەلمەجەلە بڵاویکردووەتەوە، سبەی دووشەممە هێزێکی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا دەچنە ناو حەسەکە و قامیشلۆ، بۆ هەر شارێک تەنیا 15 ئۆتۆمبێل دەبن و ئەرکیان تێکەڵکردنی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاسایشی ناوخۆی حکومەتە.

وردەکاری ڕێککەوتنەکە 14 خاڵ و چوار قۆناغ لەخۆدەگرێت کە دەبێت لە مانگێکدا جێبەجێ بکرێن، ڕێککەوتنەکە قۆناغی پێنجەمیشی هەیە و جارێ ڕەشنووسەکەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەویش پابەندبوونی درێژخایەن و هەمیشەیی هەردوولا لەخۆدەگرێت.

دەقی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە:

یەکەم: ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر لەسەرجەم ناوچەکان ڕادەگەیێنرێت، هەسەدەش زیندانەکانی داعش (ئەوەی لەژێر دەسەڵاتیدا ماون) دەپارێزێت.

دووەم: هەسەدە هێزی سەربازیی خۆی لە حەسەکە و قامیشلۆ بۆ بارەگاکانی دەکێشێتەوە، لە بەرامبەریشدا سوپای سووریا دەستبەجێ بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە دەکشێتەوە.

سێیەم: فیرقەیەکی سەربازیی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سووریاوە بۆ پارێزگای حەسەکە دروستدەکرێت بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپا، ئەویش لە سێ لیوا پێکدێت.

چوارەم: هێزە سەربازییەکانی کۆبانێ لەناو یەک لیوای سەربازیدا لە پارێزگای حەلەب یەک دەخرێن.

پێنجەم: بۆ هەرکام لە شاری قامیشلۆ و حەسەکە، 15 ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئاسایی ناوخۆ دەچنە شارەکە بۆ دەستپێکی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە لەناو وەزارەتی ناوخۆ.

شەشەم: ئەم بەرپرسە خۆجێیانە دیاری دەکرێن:

٠ پارێزگاری حەسەکە، هەسەدە دیاری دەکات.

٠ سەرۆکی هێزەکانی ئاسایشی حەسەکە، دیمەشق کاندیدی دەکات.

٠ یاریدەدەری وەزیری بەرگری، هەسەدە کاندیدی دەکات.

حەوتەم: وەرگرتنی دامەزراوە گرنگەکان بەم جۆرە دەبێت:

٠ وەزارەتی وزە بەڕێوەبردنی کێڵگەی رمێلان و سویدیە وەردەگرێت و فەرمانبەرانی مەدەنی ئێستایان تێکەڵ بە حکومەت دەکرێن.

٠ دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ وەردەگرێت.

هەشتەم: شاندێکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان سەردانی هەردوو دەروازەی سێمالکا و نسێبین دەکات بۆ تێکەڵکردنی فەرمانبەرەکانیان لە دامەزراوەکانی حکومەت و ڕێگریی لە هێنانی چەک و هاتووچۆی خەڵکی بیانی، دەروازەکانیش دەستبەجێ کارا دەکرێن.

نۆیەم: حکومەتی سووریا سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر لە حەسەکە وەردەگرێت و فەرمانبەرەکانیان ڕاژەیان دەچێتە سەر دەوڵەت.

دەیەم: ڕێگری دەکرێت لەوەی هێزە سەربازییەکانی هەردوولا بچنە ناوەندی شار و شارۆچکەکان، بەتایبەتیش ناوچە کوردییەکان.

یازدەیەم: سەرجەم بڕوانامەکانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر پەسەند دەکرێن و ئەگەر گرفتێکیشیان هەبێت، چارەسەر دەکرێت.

دوازدەیەم: مۆڵەت بە سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، ڕۆشنبیرییەکان، دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەدرێت ئەویش بەگوێرەی تایبەتمەندی وەزارەتەکان.

سێزدەیەم: کار لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی پەروەدە بۆ کۆمەڵگەی کوردی و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی ناوچەکانیان.

چواردەیەم: گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان دەکرێت لەوانەش (عەفرین، شێخ مەقسوود و سەرێ کانی)، لەگەڵ دامەزراندنی بەرپرسانی ناوخۆییان لە چوارچێوەی دامەزراوە مەدەنییەکانیاندا.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه

NEW APP AVAILABLE
ئاگادارکردنەوەکان

هەرگیز نوێکارییە گرنگەکان لەدەست مەدە

دۆخی تاریک

ئاسانە بۆ چاو، بە شەو یان ڕۆژ

KurdistanPress Mobile App
هەواڵى بەپەلە
KurdistanPress
هاوبەشی خێرا