وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە پابەندبوونی وڵاتەکەی دەکاتەوە بۆ سەرخستنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە و بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی وەسفی دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەمریکا پابەند دەمێنێتەوە بە پشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییەی کە لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە واشنتن لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکات بۆ ئاسانکاری لە پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بەشێوەیەکی نەرم و لە کاتێکی گونجاودا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکڕیزی، سەروەری و سەقامگیریی سووریا، کە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلی ئەو وڵاتەدایە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە: "بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، ئێمە لە ئامادەباشیداین بۆ مسۆگەرکردنی بەڕێوەچوونی ئەم قۆناغە ئینتیقالییە بەشێوەیەکی ئاشتییانە و کارا، بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانیی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواستووە کە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ ئایندەیەکی گەشتر بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە.


وەڵام بدەوه