ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2026، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ئەگەری دەستوەردانی واشنتنیان تاوتوێ کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ماڵپەڕی (ئەلجەزیرە) لە سەرچاوە جیهانییەکانەوە وەرگێڕانی بۆ کردوون و بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی ئیسرائیل ئامادەیی خۆی پیشان داوە بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمهریکا، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتدارانی تاران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بوونەتەوە.
هاوکات ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) ئاشکرای کردووە کە ناتەنیاهۆ و ڕۆبیۆ جگە لە دۆخی ناوخۆیی ئێران، لەسەر پێشهاتەکانی غەززە و سووریاش ڕاوێژی ئەمنییان ئەنجام داوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی توندی داوەتە ئێران کە هێز دژی خۆپیشاندەران بەکار نەهێنن و ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن ئامادەی هاوکاریی گەلی ئێرانە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی هێرشەکانن بۆ سەر ئێران، وەک پابەندییەک بە هەڕەشەکانی پێشووی ترەمپ.


وەڵام بدەوه