مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران، دوای سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، دەڵێ: هۆکاری ئەم کێشەیە خۆمانین، شکستمان هێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەمان، بەرپرسیارەتییەکە هی ئێمەیە و ناکرێ کێشەکان بخەینە ملی ئەمریکا. لە کاتێکدا شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی خراپیی دۆخی بژێوییەوە ئێرانی گرتووەتەوە، حکوومەتی ئەو وڵاتە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی فەرمی دانی بە ڕەوایی داواکارییە ئابوورییەکانی خەڵکدا نا، بەڵام هاوکات هۆشداریی توندیش دەداتە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری. فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "حکوومەت دان بە مافی ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵکدا دەنێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵات بە باشی لەو گوشارە ئابوورییانە تێدەگات کە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتییان، هەر بۆیە کێشە ئابوورییەکان وەک پرسێکی جیاواز لە پرسە سیاسییەکان دەبینن.
موهاجەرانی ئاشکرای کرد کە مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی دیالۆگ لەگەڵ خەڵک و گوێگرتن لە دەنگی ناڕازییەکان کردووەتەوە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە. لەلایەکی دیکەوە، مەسعوود پزیشکیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیدا ڕایگەیاند، کە پشتیوانیی دوولایەنە و ڕەخنەی بنیاتنەر دەتوانێت ڕێگە بۆ چاکسازیی بەردەوام و دەربازبوون لەم قەیرانە قورسە خۆش بکات. پزیشکیان هۆشداریشی دا کە دوژمنانی وڵات لە بۆسەدان و نابێت هیچ کردارێک لە ناوخۆدا ببێتە هۆی لاوازکردنی وڵات لەم بارودۆخە هەستیارەدا.
بە پێچەوانەی زمانی نەرمی حکوومەت، محەمەد کازم موەحیدی ئازاد، داواکاری گشتیی ئێران، هۆشدارییەکی توندی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەگەر خۆپیشاندانەکان ببنە ئامرازێک بۆ تێکدانی ئاسایش، وێرانکردنی موڵکی گشتی، یان جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی، ئەوا ڕووبەڕووی سزایەکی زۆر توند و یەکلاکەرەوە دەبنەوە." ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران، گۆڕەپانی خۆپیشاندانی قوتابییانی و بازرگانانن. دابەزینی مێژووییی بەهای تمەن، هەڵاوسانی بێپێشینە و ترسی خەڵک لە زیادبوونی باج لە ساڵی نوێدا، جارێکی دیکە شەقامی ئێرانی دژی سیاسەتە ئابوورییەکان هەژاندووەتەوە.


وەڵام بدەوه