بەپێی میدیاكان ئەمڕۆ دووشەم هاوكات لەگەڵ سەردانی شاندێكی باڵای توركیا بۆ دیمەشق و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی كاتیی سووریا و دووپاتكردنەوەیان لەسەر پەلەكردن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئاداری دیمەشق و یەكخستنەوەی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ هێزەكانی سووریا، شەڕێكی توند لە نێوان سوپای سووریا و هەسەدە لە دەروازەی شاری حەلەب دروست بوو.
میدیا عەرەبییەكانی سووریا باسی ئەوە دەكەن كە قەناسبەدەستەكانی هەسەدە تەقەیان لە خاڵێكی تەناهیی ئاسایشی گشتیی سووریا لە حەلەب كردووە و ئەوەش بووەتە هۆی برینداربوونی دوو كارمەندیان، دوای ئەوە شەڕی هەردوولا بەردەوام بووە و حكوومەتی سووریا رێگەی حەلەب- غازی عەنتابی داخستووە.
لای خۆیەوە روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماژە دەكات كە ئەمڕۆ دووشەم هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب شەڕیان لە نێوان هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا و ئاسایشی رۆژئاوا بەخۆیەوە بینی و چەكی قورس و دۆشكە لە شەڕەكە بەكار هاتووە، بۆ ئێوارەش خاڵێكی هاوبەشی ئاسایش و هێزە تەناهییەكانی سووریا لە حەلەب دووچاری هێرشی چەكدارانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا هاتووەتەوە و بووەتە هۆی برینداربوونی دوو كارمەندی هێزە تەناهییەكانی سووریا.
دوای ئەو هێرشە هێزەكانی ئاسایش وەڵامیان داوەتەوە و دۆخی ناوچەكە لە رووی تەناهییەوە ئاڵۆزە و ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە هەیە، هەسەدە هێزەكانی حكوومەتی سووریا بە هێرشكردن تۆمەتبار دەكات و حكوومەتی سووریاش ئاماژە دەكات كە هەسەدە هێرشی كردووە و بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكە ئاوارە بوونە.
ئاژانسی "سانا"ی سووری باسی ئەوە دەكات هەسەدە تەقەی لە چەند خاڵێكی تەناهیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی سووریای لە گەڕەكی ئەشرەفیەوە لە حەلەب كردووە و بەو هۆیەوە دوو كارمەندی ئەوان بریندار بوونە، جیا لەوە بە رەشاش و ئار پی جی و هاوەن دەوروبەری ئەشرەفیەی بۆردمان كردووە و رێگەی حەلەب- غازی عەنتاب بەهۆی بۆردمانەكان داخراون.
هەرچی هەسەدەیە، لە بەیاننامەیەكی ئاسایشی حەلەب دووپات لەوە كراوەتەوە كە هێرشی گرووپێكی سەر بە حكوومەتی كاتیی سووریایان لە شاری حەلەب پووچەڵ كردووەتەوە، ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی حەلەب دەڵێت، ئەمڕۆ هێزەكانمان توانیان هێرشێكی چەند گرووپێكی سەر بە حكوومەتی كاتی سووریا لە شاری حەلەب تێك بشكێنن و ئامادەین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەر هەڕەشە و دەمارگرتنێكی نوێ.
روونی كردەوە، خاڵێكی هاوبەشی تەناهیی ئێمە لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی گشتی لە نزیك فولكەی شەیحان لە دەوروبەری گەڕەكی ئەشرەفیە لە حەلەب لە لایەن گرووپە چەكدارەكان كرایە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو كارمەندی ئێمە لە كاتی ئەركی ئاساییان بریندار بوون، هێزەكانی ئێمەش بە شێوەیەكی گونجاو و وەك بەرگریكردن لە خۆیان و وەڵامیان دایەوە، هاوكات پابەندی خۆكۆنترۆڵكردن و رێگرتن لە فرەوانبوونی بازنەی شەڕەكە بووین بۆ پاراستنی گیان و ئاسایشی هاووڵاتییان و ناوچەكانی دەوروبەری.
بەپێی بەیاننامەكەی ئاسایش، دووپاتی دەكەینەوە كە هێزەكانی ئاسایش بەرانبەر هەر هێرش و دەمارگرتنێك دەستەوەستان نابێت و هەموو رێوشوێنێكی پێویست بۆ پاراستنی ئەندامانی و ئەو ناوچانە وەردەگرێت كە ئەركی پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییانی لە ئەستۆیە.
لە لایەكی تر روانگەی مافی مرۆڤی سووریا لەبارەی شەڕەكەی ئەمڕۆ حەلەب دەڵێت، هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان بە هاوەن و رەشاشی قورس "دۆشكە"، بۆردمان كردووە، ئەوە هاوكات لەگەڵ بوونی شەڕ و تەقەكردنی راستەوخۆ لە چەند ناوچەیەكی ئەو دوو گەڕەكە كوردنشینە، ئەوەش ترس و تۆقاندنی لای هاووڵاتییان دروست كردووە.
بەپێی نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی حەلەب، ئێستە لە هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە شەڕێكی سەخت لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و چەكدارانی سەر بە حكوومەتی كاتی سووریا هەیە، جیا لە بۆردمانێكی سەختی ئەو دوو گەڕەكە لە لایەن گرووپەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا بە چەكی قورس و تۆپهاوێژ و هاوەن، ئەوان خانووی هاووڵاتییان دەكەنە ئامانج، هەر بەهۆی بۆردمانەكانەوە ژمارەیەك هاووڵاتی، لەوان منداڵ بریندار بوونە و بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە، تا ئێستەش بۆردمانەكە بەردەوامە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، نۆ هاووڵاتی لە بۆردمانەكانی ئێوارەی ئەمڕۆی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و شەرەفیە لە حەلەب لە لایەن هێزەكانی سەر بە حكوومەتی كاتیی سووریا بریندارن، لە بەرانبەردا هێزەكانی ئاسایش وەڵامی بۆردمانەكان دەدەنەوە و شەڕ بەردەوامە، هەردوولا چەكی قورس بەكار دێنن، ئەوەش وای كردووە خەڵكی ناوچەكانی شەڕ و بۆردمانەكە و دەوروبەریان ئاوارە ببن و ئەگەری فرەوانبوونی بازنەی شەڕ و بۆردمانەكان هەیە، بەپێی هەندێك سەرچاوە ژمارەی بریندارەكان گەیشتووەتە 16 و ئەوان بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.


وەڵام بدەوه