سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە نزیکەی 40 چەکداری بزووتنەوەی حەماسی کوشتووە، کە لە تونێلەکانی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە و لە ناوچەیەکدا گەمارۆ درابوون، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکییەوە گواستیانەوە کە نزیکەی 200 چەکدار ماوەی چەند مانگێکە لە تونێلەکاندا گەمارۆ دراون، بەڵام بەشێکیان هاتوونەتە دەرەوە و لە پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون یان خۆیان بەدەستەوە داوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکان و نێوەندگیرانی دیکە هەوڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەدەن کە بەپێی ئەوە، چەکدارانی حەماس چەکەکانیان ڕادەست بکەن لە بەرامبەر پەڕینەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە، بەڵام گفتوگۆکان پەکیان کەوتووە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێککەوتنەکە دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ پرۆسەیەکی فراوانتر بە مەبەستی چەککردنی حەماس لە هەموو غەززەدا.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاماژەی بەوەش کرد کە لەنێو کوژراوەکاندا لانی کەم سێ سەرکردەی مەیدانی هەن، جگە لە کوڕی (غازی حەمەد) کە یەکێکە لە سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەى وڵات.
هەندێک سەرچاوەی حەماس کوژرانی لانی کەم سەرکردەیەکیان بە ناوی (محەمەد ئەلبەواب) پشتڕاست کردەوە، هەرچەندە بزووتنەوەکە هێشتا هەواڵەکەی بە فەرمی پشتڕاست نەکردووەتەوە.


وەڵام بدەوه