دادگایەکی بەریتانیا دەستی بەسەر باڵەخانەی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێراندا گرت کە بەهاکەی دەگاتە 125 ملیۆن دۆلار و بڕیارە بەو پارەیە بەشێک لە قەرزەکانی ئێرانی پێ دابین بکرێت.
باڵەخانەکە کەوتووەتە شەقامی ڤیکتۆریا و لە پەرلەمانی وڵاتەکە نزیکە و نزیکەی 50 ساڵە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران خاوەندارێتی دەکرد.
کۆمپانیاکە بە گواستنەوەی خاوەندارێتیی باڵەخانەکە بۆ سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی نەوت ویستی رێ لە بەسەرداگرتنی باڵەخانەکە بگرێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
کۆمپانیای کێرسێنتی ئیماراتی کە پارەی لای ئێرانە سکاڵای لە دژی ئەو هەنگاوە تۆمار کرد و گوتی ئێران بۆ ئەوەی قەرزەکەی نەداوتەوە ئەو فێڵە بەکار دەهێنێت و بۆیەش دادگا داواکارییەکەی پەسند کرد و پارەی ئەو باڵەخانەیەی دایە کۆمپانیا ئیماراتییەکە.
بەپێی ئامار و بەڵگەنامەکان کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیای ئیماراتیی کێرسێنت قەرزدارە کە پێوەندی بە گرێبەستێکی 25 ساڵە هەیە و کاتەکەی بۆ ساڵی 2001 دەگەڕێتەوە و دەبوایە ئێران گازی سروشتی بۆ کۆمپانیاکە دابین بکات.
ئێران هیچ گازێکی رادەست نەکرد و لە ساڵی 2009 کۆمپانیا ئیماراتییەکە سکاڵای لە دژی تۆمار کرد و لە ساڵی 2014 دادگا بڕیاری دابوو بە برێک پارە قەرەبووی کۆمپانیای کێرسێنت بکرێتەوە بەڵام ئێران قەرەبووی نەکردبووەوە.
وەڵام بدەوه