سەرۆکی ئەنستیتیوتی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاوی کردوەتەوە کە وێنەکانی ئەم دواییەی مانگی دەستکرد دەریدەخەن کە ئێران لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زۆربەی کەرەستەی ساردکەرەوەی لە دوو بینای هەواگۆڕکێ و تەندروستی بۆ دامەزراوەی پیتاندنی سوتەمەنی ئەتۆمی نەتەنز گواستوەتەوە.
دەیڤید ئۆلبرایت، سەرۆکی ئەنستیتیوتی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندوە" ئامانجی ئەم هەنگاوە کەمکردنەوەی مەترسی لە ناوچونی ئەم ئامێرە گرنگانەیە لە ئەگەری هێرشی ئاسمانی زیاتردا، بەتایبەتی کە لە ئێستادا بەهۆی پچڕانی کارەبا و لەکارکەوتنی تەکنیکی، دامەزراوەکانی سەنتەرفیوج لەکارکەوتون".
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوپاتی کردەوە کە ئێران هێشتا توانای بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوجی ئەکسیاڵی( شێوازێک لە سەنتەرفیوج بۆ پیتاندنی یۆرانیوم لە ئاستی باڵا ، خێرایی لەم ئامێرانەدا زۆرە و لە ماوەی کەمتر لە ٧٠ چرکەدا تەواو دەبێت) هەیە کە لە پرۆسەی پیتاندنی ماددە تیشکدەرەکاندا بەکاردەهێنرێت.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێوەدەوڵەتی ئەتۆم زیادی کرد: پێموایە کۆدەنگییەکی گشتی هەیە کە ئەم ماددانە هێشتا لە ئێراندان، بەڵام بێگومان بونی ئەوان پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە، ڕەنگە هەندێکیان نەمابن و ڕێگەی تەکنیکی هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو شتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین.
دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن هەڵپەسێردران
واشنتۆن لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
لەو کاتەوە تاران پاشەکشەی کردوە لە هەندێک لە بەڵێنەکانی، بەتایبەتی سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم.
وەڵام بدەوه