کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، پلانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتەی بۆ کۆنترۆڵی تەواوی شاری غەزە پەسند کرد
ڕۆژی هەینی 8ـی ئابی 2025، ئۆفیسی بنیامین نەتانیاهۆ ڕایگەیاند ئیسرائیل بەنیازە کۆنترۆڵی سەربازیی غەزە بە تەواوی بە دەستەوە بگرێت و کابینەی ئیسرائیل پلانەکەی پەسند کردووە.
ئۆفیسی نەتانیاهۆ ئاشکراشی کرد، سوپای ئسیرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی غەزە بە دەستەوە بگرێت. جەختیشی کردەوە ئیسرائیل دەیەوێ حکوومەتێکی مەدەنی لە غەزە دابمەزرێت و حەماس و دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لە غەزە هیچ شوێنێکیان نابێت.
شاری غەزە گەورەترین شاری کەرتی غەزەیە کە لە باکووری ناوچەکە هەڵکەوتووە.
باراک راوید، هەواڵنێری ئاژانسی ئەکسیوس لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند پلانەکەی ئیسرائیل، چۆڵ کردنی شاری غەزە لە خەلکی مەدەنی و دەستپێکردنی هێرش زەمینیی سوپای ئیسرائیل لەخۆ دەگرێت.
ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل دەڵێن لە کۆبوونەوەکەی کابینەی ئەم وڵاتەدا "ئەیال زەمیر" سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دژی بڕیارەکە بووە و سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم بڕیارە هۆشداری داوە و پێی وابووە گیانی بارمتە ئسیرائیلییەکان دەخاتە مەترسییەوە.
لە بەرانبەردا "ئیتمار بن گویر" وەزیری ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل داوای بەردەوامبوونی جەنگەکە تەنانەت لە ئەگەری ڕێککەوتنی کردووە جەختی کردووەتەوە ئیسرائیل دەبێ تا کۆتایی ڕێگاکە بڕوا.
بنیامین نەتانیاهۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە پاش کۆبوونەوەی کابینە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند: ئیسرائیل دەیهەوێ هەموو کەرتی غەزە کۆنترۆڵ بکات بەڵام بە نیازی ئەوە نییە لەوێ بمێنێتەوە. بە گوتەی نەتانیاهۆ ئەوان دەیانەوێ ئاسایش بەرقەرار بکەن بەڵام نایانهەوێ وەک دامەزراوە لەوێ بمێننەوە و غەزە بەڕێوە ببەن.
وەڵام بدەوه