مەحموود نەبەویان، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاند، چیپی سیخوڕیی گوماناوی لە پێڵاوی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا دۆزراوەتەوە لە کاتی پشکنینیان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
نەبەویان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "فارس"، ڕەخنەی توندی لە کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گرت و گوتی، بە دڵنیاییەوە بریکارەکانی ئاژانس سیخوڕن، نامانەوێت دروشم بەرز بکەینەوە، ئەمە ڕاستییەکە.
ناوبراو ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی زانیارییەکانی لە ئیسرائیلەوە وەرگرتووە و گوتی، ئێوە بانگەشەتان لەسەر سێ شوێنی ئێمە هەیە، ئایا ئەمە جگە لەوەیە کە ئیسرائیل زانیاریی پێداون؟ بۆچی گوێ لە ئیسرائیل دەگرن؟.
هەروەها ئەوەشی گوت، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێمە 10 ملیۆن بەڵگەنامەی لە ئیسرائیل هێناوە، جێی سەرنجە ئێمە کە ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمین، دەبێت ڕاپۆرتەکانمان بدەینە ئاژانس، بەڵام گرۆسی ڕاپۆرتەکانی ئێمەی داوە بە ئیسرائیل! کاتێک دەڵێین سیخوڕی، بە بەڵگەوە دەڵێین.
وەڵام بدەوه