بڕیارە شەممەی داهاتوو گەڕێكیتری گفتوگۆكانی ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەتۆمی بەڕێوە بچێت، ئەو گفتوگۆیەی لە 12ی ئەم مانگە بە میانگیریی عومان دەستی پێ كرد، چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایان كرد كە وەزیری دەرەوەی ئێران بە نێردراوی ئەمەریكای راگەیاندووە كە وا باشترە گفتوگۆ لەسەر رێككەوتنێكی كاتی بكەن.
هێشتا بەرپرسانی ئێران و ئەمەریكا بە وردی باسی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان ناكەن، شارەزایان پێیان وایە ژمارەیەكی زۆری خاڵی ناكۆكی هەیە و پێویستە هەردوولا لەسەری رێك بكەون، رەنگە ئەمەریكا پێویستی بە هەڕەشەی گەورەتر بێت بۆ سازشكردنی ئێران و گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، كە ئێران دەیەوێ بۆ سێ ساڵ بێت و ئەمەریكاش دەیەوێ بۆ 25 ساڵ بێت.
ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات، دوو سەرچاوەی ئاگەدار ئاماژە دەكەن كە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی ئێران بۆ گفتوگۆكان بە ستیڤ ویتكۆف سەرۆكی شاندی ئەمەریكای گوتووە كە رەنگە نەتوانن لە ماوەی ئەو 60 رۆژەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران دیاری كردووە بە رێككەوتنی كۆتایی بگەن، بۆیە باشترە رێككەوتنێكی كاتی بكەن.
عێراقچی بە ویتكۆفی گوتووە، وردەكاریی وردی هەر رێككەوتنێكی ئەتۆمی وا دەكات زۆر زەحمەت بێت گفتوگۆكان لە ماوەی 60 رۆژ كۆتاییان بێت، ویتكۆفیش لە وەڵامدا گوتوویەتی نایەوێ ئێستە گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی كاتی بكات و دەبێت سەرنج بخرێتە سەر گەیشتن بە رێككەوتنێكی فرەوان لەو ماوەی دیاری كراوە، واتە 60 رۆژەكە، ئەگەر ماوەكە كۆتایی هات و هەردوولا بە باشیان زانی، دەكرێ ئەو بابەتە تاوتوێ بكرێت.
بەپێی رێككەوتنی شەمووی رابردووی دووەم گەڕی گفتوگۆكان لە رۆما، بڕیار بوو چوارشەمی ئەو هەفتە بۆ ماوەی سێ رۆژ شارەزایانی تەكنیكیی هەردوولا ناراستەوخۆ كۆ ببنەوە و تاوتوێی چەند وردەكارییەك بكەن، دوای ئەوە ئەنجامەكەی بدەنە گفتوگۆكارانی سەرەكی، بەڵام كۆبوونەوەی چوارشەم دواخرا، ئەمرۆش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا مایكل ئەنتۆن بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسەتەكانی وەك سەرۆكی تیمی تەكنیكیی ئەمەریكا بۆ گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران دیاری كرد كە 12 شارەزا لەخۆ دەگرێت
وەڵام بدەوه