بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی غەززە، ئاگربەستێکی درێژخایەن بەرێوەیە
حەماس ئامادەیی خۆی نیشان داوە غەززە رادەستی هەر لایەنێکی فەلەستینی بکات، بەمەرجێک لەسەر لایەنەکە بگەنە رێککەوتن
بەرپرسێکی باڵای فەڵەستین بۆ تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی ئاشکرایکردوە: ئاگربەستێکی درێژخایەن لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری میسر و قەتەر بەڕێوەیە
بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە، ئاگربەستەکە بۆماوەی پێنج بۆ حەوت ساڵ دەبێت
مەرجی ئاگربەستەکە ڕادەستکردنەوەی سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل و ئازادکردنی سەرجەم بەندکراوە فەلەستینیەکانە
یەکێکی تر لە مەرجەکان کۆتایی هێنانە بە جەنگ و کشانەوەی ئیسرائیلە لە غەززە
ئەو بەرپرسە فەڵەستینییە گوتویەتی: حەماس ئامادەیی نیشانداوە بەڕێوەبردنی غەززە رادەستی هەر گروپێکی فەلەستینی بکات کە لەسەر ئاستی نشتیمانی و ئیقلیمی رێککەوتنی لەسەر بکرێت
ئەوەشی ئاشکراکردوە کە ئەم لایەنە رەنگە لایەنێکی رۆژئاوای فەلەستین بێت یاخود یەکەیەکی ئیداری نوێ بێت کە پاش ئاگربەستەکە پێک بهێنرێت
بڕیارە وەفدێکی باڵای حەماس بگاتە قاهیرە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئەم ئاگربەستە، وەفدەکە پێک دێت لە مەحەمەد دەروێش، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حەماس و خەلیل حەییە، گەورە راوێژکاری بزوتنەوەی حەماس
شایەنی باسە تاکو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی دەربارەی ئەم نێوەندگیریەی میسر و قەتەڕ دەرنەبڕیوە
هەرچەندە هێشتا کات زووە بۆ بڕیاردان لەسەر سەرکەوتن یان شکستی ئەم ئاگربەستە، بەلام ئەو بەرپرسە فەلەستینیە ئاشکرای کردوە قەتەر و میسر زۆر جددین لەسەر ئاگربەستەکە، هەروەها حەماسیش بۆ ئەم ئاگربەستە لەڕادەبەدەر نەرمی نواندوە
دوایین ڕێککەوتنی ئاگربەست مانگێک پێش ئێستا شکێنرا کاتێک ئیسرائیل دەستی کردەوە بە بۆردومانکردنی چەکدارەکانی حەماس و خەڵکی غەززە
چەند رۆژێک پێش ئێستاش حەماس ئاگربەستێکی شەش مانگی رەت کردەوە کە ئیسرائیل پێشنیاری کردبوو لەبەرانبەر چەک دانانی حەماس
ڕۆژی شەممەی رابردوو بینیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: جەنگ کۆتایی نایات تاکو حەماس لەناو نەبەین و سەرجەم دیلە ئیسرائیلیەکان نەگەڕێنینەوە
لەبەرانبەردا حەماس داوای لە ئیسرائیل کرد کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، بۆ ئەوەی دیلەکان ئازاد بکات
وەڵام بدەوه