دوێنێ چوارشەم رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە ژمارەیەك بەرپرسی ئیدارەی ئەمەریكای گواستەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دژی پلانی هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئەو پێی باشترە گفتوگۆ لەگەڵ تاران بكرێت بۆ سنوورداركردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
رۆژنامەكەی ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئیسرائیل بە نیاز بووە لە مانگی ئایاری 2024 هێرش بكاتە سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران، بۆ پەكخستنی تواناكانی بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی بۆ ماوەی ساڵێك یان زیاتر، بەڵام بۆ سەركەوتنی هێرشەكە و پاراستنی لە كاردانەوەی ئێران ئەوەی پێویستی بە ئەمەریكا هەبوو، بەڵام نە ئیدارەی جۆ بایدن و نە ترەمپ بە پلانەكەی ئیسرائیل رازی نەبوون.
لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكا بەر لەچەند رۆژێك لە دووەم گەڕی گفتوگۆی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە رۆما، ئەمڕۆ پێنجشەم رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی پلانەكەی ئیسرائیل و هۆكاری دواخستنی لە لایەن ئەمەریكا ئاشكرا كرد و گوتی، ئیسرائیل لە مانگی ئۆكتۆبەری 2024ەوە چەند جارێك بە رژدی بیری لە هێرشكردنە سەر ئێران كردووتەوە.
رۆژنامە ئەمەریكییەكە باسی ئەوەی كردبوو كە ئیسرائیل دەیویست بە پاڵپشتیی ئەمەریكا لە مانگی ئایاری 2024هێرش بكاتە سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رازی بوون و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل توانا و متمانەی تەواوی بە خۆی هەبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە، بەتایبەتی لە دوای هێرشە سەركەوتووەكەی مانگی نیسانی 2024، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ئامادەنەبوون بێ رەزامەندیی ئەمەریكا ئەو هێرشە بكەن، لە ئەگەری وەڵامدانەوەیەكی توندی مووشەكیی ئێران.
ئەو كات ئیدارەی جۆ بایدن رازی نەبوو، بۆیە ئیسرائیل تەنیا سیستمە مووشەكی و جبەخانە مووشەكییە بالیستییەكانی ئێرانی وێران كرد، لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، بەرپرسانی ئیسرائیل بیرۆكەی هێرشەكەیان بۆ سەر ئێران لا دروست بووەوە، ئەوكاتیش ئیدارەی بایدن رێگەی بە ئیسرائیل نەدا، بۆیە بەرپرسانی ئیسرائیل پلانەكەیان بۆ دوای هاتنی ترەمپ دواخست، بەوەی رازی بكەن لە مانگەكانی یەكەمی دەسەڵاتی هێرشەكە بەیەكەوە ئەنجام دەن.
لە دوای هاتنی ترەمپ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئیدارەكەی پێیان باشتر بوو لەگەڵ ئێران بگەن بە رێككەوتن، بۆیە لە كۆتایی ترەمپ بڕیاری دا گفتوگۆ بكرێت و ئیسرائیل هێرشەكەی ئەنجام نەدات، رۆژنامە ئەمەریكییەكە لەبارەی وردەكاریی هێرشەكە گوتی، هێرشە گریمانگراوە هاوبەشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە رێگەی هەڵمەتێكی فرەوانی هێرشی ئاسمانی یان تێكەڵ لەگەڵ ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتەكان بوو.
شارەزایان پێیان وایە ئاشكراكردنی پلانەكانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران لەو ساتەدا، واتە بەر لە دووەم گەڕی گفتوگۆكانی رۆما، هەوڵێكی ئەمەریكایە بۆ رەوانەكردنی پەیامێك بۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، دەری دەخات چەند لە لەدەستدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی نزیكە و ئەگەر گفتوگۆكان شكست بێنن، چی چاوەڕوانی ئێران و پێگە ئەتۆمییەكانی دەكات، ئێستە بەرپرسانی ئیسرائیل تاوتوێی ئەو بابەتە دەكەن ئاخۆ ئەگەر رێككەوتنی ترەمپ لەگەڵ ئێران لاواز بێت یان نەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمیی تاران سنووردار بكات ئەوان چی بكەن.
رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد كە دامەزراوەی سیاسیی ئیسرائیل بنیامین نەتنیاهۆی سەرۆكوەزیرانی بە ئاشكراكردنی زانیارییەكان لەبارەی نیاز و پلانی هێرشكردنی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تۆمەتبار كرد، بەپێی دامەزراوەكە ئەو دەیویست زانیارییەكان ئاشكرا بكات، بەڵام رێگەیان پێی نەدا، نەفتالی بینیت سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل هێرشی كردە سەر نەتنیاهۆ بەوەی هەڕەشە دەكات و دواتر پلانەكانی ئاشكرا دەكات، بەڵام رێگەی پێ نادەین ئەوە بكات، چونكە هەلێكی ترمان بۆ ئەو كارە بۆ دووبارە نابێتەوە.
رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، باسی ئەوەی كرد كە بەپێی سەرچاوە ئەمەریكییەكان بڕیار بوو لە مانگی داهاتوو ئیسرائیل و ئەمەریكا هێرشێكی هاوبەش بكەنە سەر پێگە ئەتۆمییەكانی ئێران، هێرشی ئاسمانی و هێرشی یەكە تایبەتەكان بۆ ئەو پێگە ئەتۆمییانە و چاندنی تەقەمەنی و خاپووركردنیانی لەخۆ بگرێت، بەڵام بەهۆی بوونی بۆچوونی جیاواز لە ناو ئیدارەكەی ترەمپ پاشگەز بووەوە و پێی باشتر بوو گفتوگۆ بكرێت و هێرشەكە ئەنجام نەدرێت.
رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی سەبارەت بە هێرشەكە، كە ئەنجام نەدرا گوتی، پەیامەكە بۆ ئێران ئەوەیە كە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران نزیك بوو لە لەناوچوون، ئەو چارەنووسی هێشتا چاوەڕوانی دەكات ئەگەر گفتووگۆكانی ئێستە دەكرێت شكست بێنن، بۆیە دزەكردنی پلانی هێرشەكەی ئیسرائیل پەیامێكی راستەوخۆیە بۆ رابەری باڵای ئێران.
وەڵام بدەوه