Kurdistan Press - کۆتا هۆشداری بە ئێران دەدرێت کۆتا هۆشداری بە ئێران دەدرێت | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

کۆتا هۆشداری بە ئێران دەدرێت

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لەگەڵ ئەمریکا کۆکن کە "نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامی نەبوو، ئەوا بژاردەی سەربازی دێتەپێش.

رۆژی سێشەممە، 8 نیسانی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە رۆژێک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو رێگەی هەیە؛ رێککەوتن یان لە رێگەی سەربازییەوە." 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هەر رێککەوتنێکی قبووڵکراو، دەبێت هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2003ـی لیبیا بێت، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتەیان لەنێو رد یان بردیانە دەرەوە. 

نەتەنیاهوو گوتی: "ئێمە دەچین، وێستگەکان دەتەقێنینەوە و سەرجەم کەلوپەلەکانیش لەنێودەبەین، ئەوەش بە چاودێریی ئەمریکا و بە جێبەجێکردنی لە لایەن ئەمریکاوە، ئەمە سیناریۆ گونجاوەکەیە. بژاردەی دووەم کە خوازیاری نین ئەوەیە گفتوگۆکان درێژەبکێشن و هیچ بەرهەمیان نەبێت؛ ئەو کات بژاردەی سەربازی بە تاکە بژاردە دەمێنێتەوە." 

هەرچی لەبارەی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و تورکیایە لەبارەی سووریا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد ئەنقەرە بەنیازە بنکەی سەربازی لە سووریا دابنێت و گوتی: "ئەوە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات. هەربۆیە دژی ئەو هەنگاوەین و دژیشی کاردەکەین. بە سەرۆک ترەمپم راگەیاند، کە دۆستی من و ئەدرۆغانیشە، ئەگەر پێویستم بە هاوکاری بوو، لەگەڵی قسە دەکەینەوە." 

لەبارەی جەنگی غەززەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ لەسەر ئەو پرسە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: "سوورین لەسەر ئەوەی حەماس لەنێوبەرین؛ لەهەمان کاتیشدا پابەندین بەوەی سەرجەم بارمتەکان بگەڕێنینەوە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا گوتی: "سەردانێکی زۆر باش بوو، سەردانێکی گەرموگوڕ بوو، هەندێک شتی دیکەش ماوە، دواتر دەیانبیستن."

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه